هاکان فیدان: پەیوەندیی یەکێتی و پەکەکە هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "بەهۆی بوونی پەیوەندیی سەرکردایەتیی یەکێتی و پەکەکە، هەڕەشە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دروستکراوە و دروست دەکرێت."
لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا (CNN TURK) کە ئێوارەی دووشەممە 18-03-2024 پەخشکرا؛ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا نیگەرانیی نیشاندا و باسی لە بوونی پەیوەندی لەنێوان سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد.
بەشێکی گوتەکانی هاکان فیدان تایبەت بوو بە پەیوەندییەکانی تورکیا - عێراق و بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە. فیدان گوتی، "تورکیا پێداگرە لەسەر بەکارهێنانی هەموو هۆکارەکانی سیاسەتی دەرەوەی بەشێوەیەکی هاوئاهەنگ، بۆئەوەی ناوچەکە سەقامگیر بێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە هەولێر، سلێمانی، بەغدا، کەرکووک و موسڵدا بەیەکەوە داهاتوو بنیات دەنێن. گوتیشی، "لەوێدا هیچ شوێنێک بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان نییە. ئیدی پێویستە ئەوان بخەینە دەرەوەی سیستمی خۆمان. ئیدی ئەو رێکخراوانە ماوەی بەکارهێنانیان بەسەرچووە. ئەو شارانەی باسیان لێوە دەکەم، شاری خاوەن کولتوورن و پێشتریش بەسەر هەڕەشەی لەم چەشنەدا زاڵبوون. پشتیوان بە خودا لەمەودواش زاڵدەبن."
لەبارەی ئەگەری هەر جۆرە رێکارێک لەلایەن تورکیاوە لەم ناوچەیە، هاکان فیدان گوتی، "تۆ کە پشتیوانی لە دووژمنەکەی من بکەیت، چاوەڕێی چیم لێدەکەیت؟ لەم بابەتەدا کراوەین. ئەرکی منە رێگری لەوە بکەم کە ئەو دووژمنەم نەتوانێت سوود لە تۆ ببینێت. ئەمەش دەکەم؛ کە دەشیکەم هیچ فێڵ و تەڵەیەکت بۆ دانانێم. رووبەڕوو پێتدەڵێم."
هاکان فیدان: خەڵکی سلێمانی دۆستی تورکیان
هاکان فیدان رووی قسەکانی ئاراستەی یەکێتی کرد و گوتی، "واز لەمە بهێنە، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندیی تۆدا نییە و لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە. خەڵکی سلێمانی، خەڵکێکن دۆستی تورکیان. خەڵکێک نین کاریان بە رێکخراوی تیرۆریستییەوە هەبێت. سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ستافی پێکهێنەری ئەو حیزبە، بەو پەیوەندی و نزیکایەتییەی لەگەڵ پەکەکە هەیانە، بەدەر لەوەی کێشە بۆ ئێمە دروست دەکات، بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیش."
تورکیا پێشتریش چەندین جار لەڕێی بەرپرسانی باڵایەوە، نیگەرانی و تێبینیی لەسەر سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بابەتی پەکەکە هەبووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 15-02-2024 لەکاتی گەڕانەوەی لە قاهیرەوە بۆ وڵاتەکەی، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکی لەمبارەیەوە دایەوە و گوتی، "سلێمانی، هەمیشە دەستمان بەسەریەوەیە و شوێنێکە هاونەژادەکانی ئێمەی لێیە. لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لەگەڵ هەولێر لە ئاراستەیەکی باشین و بەرەوپێش دەڕۆین. بەڵام سلێمانی، واتە ئیدارەی (ی.ن.ک) سەرەڕای ئەوەی چەندینجار ئاگادارمان کردوونەتەوە، بەداخەوە بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکە/یەپەگە/پەیەدە."
سەرۆککۆماری تورکیا لە بەردەوامی گوتەکانیدا باسی لەوە کرد لە دیدارەکەیان لەگەڵ مەسرور بارزانی لە دوبەی باسیان لەو بابەتە کردووە و رایگەیاند، "لە دیدارەکەماندا ئێمە بابەتەکەمان خستە بەر باس و ئاگادارمان کردنەوە. با هیچ کەسێک چاوەڕێی هەڵوێستێکی جیاواز لە ئێمە نەکات. کاردانەوەی پێویستمان دەبێت. ئەم بابەتە فەرامۆش ناکەین و ئەو هەنگاوانە دەنێین کە لەدەستمان دێن. دەتوانین بەرگەی زۆر بابەت بگرین، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر مانەوە و ئاسایشی نیشتمانیمان، دەرگاکانی لێبووردەیی تاوەکو کۆتایی دادەخەین و ئەوەی پێویستە دەیکەین."