بەهای لیرەی تورکی دابەزی

18-03-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لیرەی تورکی دابەزینێکی نوێی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و دراوە بیانییەکانی دیکە تۆمار کرد. یەک دۆلار بە 32.30 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئاداری 2024، لەگەڵ کرانەوەی بۆرسە و بازاڕە داراییەکانی تورکیادا یەک دۆلاری ئەمریکی بە 32.28 لیرە مامەڵەی پێوەکرا؛ دواتر بۆ 32.30 لیرە بەرزبووەوە. هاوکات، یەک یۆرۆ بە 35.21 لیرە و یەک پاوەندی ئیستەرلینی بە 40.90 لیرە مامەڵەی پێوە کرا.
 
ناسەقامگیریی لیرەی تورکی بەرامبەر دراوە بیانییەکان بۆ راگەیاندنی رۆژی 4ـی ئاداری 2024ـی دەستەی ئاماری تورکیا دەگەڕێتەوە، کە تێیدا هەڵاوسانی ساڵانەی راگەیاند کە بۆ 67.07% بەرزبووەتەوە. هەمان رۆژ گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG) رایگەیاند، هەڵاوسانی ساڵانە لەو مانگەدا 121.98% بووە.
 
دوای راگەیێندراوەکە دۆخی بازاڕی ئابووری ناسەقامگیر بوو، بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان بە دابەزین دەستیپێکرد، هەفتەیەکە کاردانەوە و کاریگەرییەکانی راگەیاندنی هەڵاوسان بەسەر لیرەی تورکی بەردەوامی هەیە.
 
نزیکەی هەشت مانگە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بییانییەکانی دیکە بەهۆی بەرزبوونەوەی قۆناخ بە قۆناخی هەڵاوسانی ئابووریی وڵات و جێگیرکردنی سوودی بانکییەوە لە دابەزیندایە. لیرەی تورکی لە هەشت مانگی رابردوودا نزیکەی 11.3%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە.
 
بەر لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی 14ـی ئایار، یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمینجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە.
 
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی 25ـی کانوونی دووەمی 2024، رێژەی سوودی بانکی لە 42.5%ـەوە بۆ 45% بەرزکردەوە، بەڵام لە رۆژی 22ـی شوباتدا رێژەکەی 45% بە جێگیری هێشتەوە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی 2022 چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی 2023 ـدا سوودی بانکی لە 9% بۆ 8.5% کەمکردبووەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە