زیاتر لە 70 هاونیشتمانی لە ئاهەنگی نەورۆزی ئیستەنبووڵ دەستگیرکران

18-03-2024
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی دەڵێت، 75 ئەندام و لایەنگریان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە لە رێوڕەسمی جەژنی نەورۆزدا لە ئیستەنبووڵ دەستگیرکراون. پارێزگای ئیستەنبووڵیش لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی 70 کەسی پشتڕاستکردەوە. 
 
دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئاداری 2024، لە گۆڕەپانی یەنیکاپی لە ئیستەنبووڵ، رێوڕەسمی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز بەڕێوەچوو. ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و جەندرمە لە گۆڕەپانەکەدا بوون و پشکنینیان بۆ هاونیشتمانییان و هاووڵاتییانی بەشدار لە رێوڕەسمەکەدا کرد. 
 
رێوڕەسمەکە لە کاژێر 13:00-17:00 بەڕێوەچووە، پارێزگای ئیستەنبووڵ ئاماژەی بەوە کردووە، "بۆ پاراستنی گۆڕەپانەکە و رێگەگرتن لە دروستبوونی هەرجۆرە کێشەیەک، هێزە ئەمنییەکان پشکنینیان بۆ بەشداربووان کردووە."
 
بەپێی راگەیێندراوی پارێزگای ئیستەنبووڵ بێت، لە کاتی پشکنینەکاندا چوار کەس کە هەوڵیان دەدا پۆستەری (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) ببەنە گۆڕەپانەکە دەستگیرکران، لەنێو گۆڕەپانەکەیشدا دوو کەسی دیکە بەهەمان هۆکار دەستگیرکران.
 
پارێزگای ئیستەنبووڵ باس لەوە دەکات، کۆی گشتیی 70 کەس کە 55یان پیاو و 15یان ژنن، بە تۆمەتەکانی بانگەشەکردن بۆ "تیرۆر و رێکخراوی تیرۆریستی" دەستگیرکران.
 
هاوکات دەم پارتیش دەڵێت، 75 کەس لە ئەندامان و لایەنگرانیان لەو رێوڕەسمەدا دەستگیرکراون.   

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە