رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا رەخنە لەو وڵاتانە دەگرێت کە پاڵپشتی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە دەکەن و دەڵێت، یارمەتییەکەیان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە هێلیکۆپتەر بۆ ئەو هێزە دابین دەکەن.
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لە گوتەیەکدا لە ئەنقەرە لەبارەی کەوتنە خوارەوەی دوو هێلیکۆپتەرەکە لە سنووری پارێزگای دهۆک قسەی کرد و رایگەیاند: "پاڵپشتیکارانی پەکەکە/ یەپەگە بە پێدانی هێلیکۆپتەر بە تیرۆریستان، جارێکی دیکە دەستی تاوانکارییان ئاشکرا بوو. کاتی ئەوە هاتووە لەوە تێبگەن و باش بزانن ئەم هەوڵانەیان بێ ئەنجام دەبن. چاوەڕێ دەکەین لەمە تێبگەن".
رۆژی چوارشەممە، 15-3-2023، دوو هێلیکۆپتەر لە نزیک گوندی بێرکیان لە سنووری ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک کەوتنە خوارەوە و رۆژی هەینی، 17-3-2023، هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە گوتی، دوو هێلیکۆپتەرەکە لە کاتی گواستنەوەی هێزێکی دژەتیرۆری سەر بە ئەوان لە کاتێکدا لە رێگەدا بوون بۆ شاری سلێمانی، لە سنووری پارێزگای دهۆک تێکشکاون و بەهۆیەوە "9 شەڕڤانمان شەهید بوون".
بەگوێرەی هەسەدە، هەر یەکە لە هۆگر دێریک، شەڕڤان کۆبانێ، کۆچەر دێریک، خەبات دربێسیێ، فاراشین باران، رۆژەنگ رەفات، دیدار دێریک، دۆغان عەفری و هاروون رۆژاڤا لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە کە شەڕڤان کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر بووە.
تاوەکو ئێستا دیار نییە خاوەندارێتیی ئەو دوو هێلیکۆپتەرە بۆ کێ دەگەڕێتەوە، بەڵام خوڵوسی ئاکار بێ ئەوەی ناوی هیچ وڵاتێک بهێنێت رەخنەی لە ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەو بارەیەوە گرت.
چەندین ساڵە تورکیا رەخنەی تووند لە ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەگرێت و دەڵێت، "یارمەتی یەپەگە دەدەن".
بەرپرسانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە یەپەگە باڵی سووریای پەکەکەیە و هەربۆیە دەبێت وەک "تیرۆریست" مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
یەپەگە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە و ئەمریکاش بەو جۆرە لە هەسەدە دەڕوانێت کە هاوبەشێکی سەرەکییەتی لە شەڕی دژی داعش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ