پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا بڕیاریان دا بە زمانی کوردی قسە بکەن

رووداو دیجیتاڵ

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، بەرنامەی چالاکیی چوار رۆژەی تایبەتی بە زمانی کوردی راگەیاند. پەرلەمانتارەکانیان لە پەرلەمانی تورکیا بڕیاریان داوە بۆ ماوەی چوار رۆژ، بە زمانی کوردی قسە بکەن. 
 
رۆژی 16ـی شوباتی 2024، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، جەمیلە تورهالی و هەڤال دڵبەهار، هاوگوتەبێژانی کۆمیسیۆنی کولتووری سەر بە دەم پارتی، لە ئامەد، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، کە 21ـی شوباتی هەموو ساڵێکە، ناوەڕۆکی چالاکییەکانیان بۆ بایەخدان بە زمانی کوردی راگەیاند. 
 
بەگوێرەی بەرنامەکە، چالاکییەکان لە رۆژانی 18 بۆ 21ـی شوبات دەبن. دەستپێکی چالاکییەکان لە ئامەدەوە دەستپێدەکات و پارێزگاکانی ئامەد، وان، مێردین، سەمسوور، جۆلەمێرگ، شرنەخ، رووها، دێرسم، چەولیگ، مووش، ئاگری، قەرس، ئیدر، سێرت، مەرەش لە باکووری کوردستان و پارێزگاکانی مەرسین، ئادانا، ئیستەنبووڵ، ئەنتاڵیا، کۆجائێلی، تەکیرداغ، ئیزمیر، مانیسا، ئایدن، موغڵا، باڵکئەسیر، ئەنقەرە و کۆنیا دەگرێتەوە. 
 
دەستپێکی چالاکییەکانیان ئەمڕۆ (یەکشەممە 18ـی شوبات) لەلایەن پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا دەستپێدەکات. پەرلەمانتارانی دەم پارتی لەماوەی ئەم چوار رۆژەدا بەشێکیان بە جلوبەرگی کوردی بەشدار دەبن و بە کوردی گوتار پێشکێش دەکەن و چەندین چالاکیی دیکەش دەکەن.
 
چالاکییەکانی ئەم چوار رۆژە بە دانانی سەکۆ، رێپێوان بۆ بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردی، کۆنسێرتی هونەرمەندانی کورد، گوێگرتن لە گۆرانی و گوتاری کوردی، پانێڵی تایبەت بە مێژوو و پێگەی زمانی کوردی، گوتنەوەی وانەی زمانی کوردی، فێستیڤاڵ، سیمینار، سەیران و هەڵپەڕکێی کوردی و دابەشکردنی 100 هەزار بڵاوکراوە بە زمانی کوردی دەبێت. 
 
لەسەر ئاستی جەماوەریدا هەوڵەکان چڕدەکرێنەوە بۆ ئەوەی تەنیا بە زمانی کوردی قسە بکرێت و لە کوچە و کۆڵانەکاندا تەنیا گوێ لە گۆرانیی کوردی بگیرێت و، زانیاری لەبارەی زمانی کوردی بڵاوبکرێتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هاشتاگ بۆ پشتیوانیی لە زمانی کوردی بڵاوبکرێتەوە و سەرجەم پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە زمانی کوردی بنووسرێن.