دەمیرتاش سەرکۆنەی کوژرانی 13 دیلەکەی چیای گارە دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە گرتووخانەدایە، تویتێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی چیای گارە بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "بە روونی کوژرانی 13 مرۆڤ کە لە دەستی پەکەکە بوون سەرکۆنە دەکەم، هاوبەشی خەمی بنەماڵەکانیانم و سەرەخۆشییان لێدەکەم".
 
ئەو 13 دیلەی دەمیرتاش باسیان دەکات نزیکەی شەش ساڵ بوو لە لای پەکەکە بوون، دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەڵۆ -2 ، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە رایگەیاند دیلەکان لەلایەن پەکەکەوە بە گوللە کوژراون، بەڵام پەکەکە دەڵێت دیلەکان لەلایەن تورکیاوە کوژران و ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەش کوشتنی ئەو 13 دیلە بووە.
 
دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی توویتەکەدا نووسیویێتی: "لەبری گرتنەبەری رێگەچارەی دیپلۆماسی، ئەو ئۆپەراسیۆنە بە مەبەستی نمایشی سیاسی ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا ئەم تراژیدیایەی لێکەوتەوە، ئەمە گەمژەییە کە بەرپرسیارێتیی تراژیدیایەکی وەها بخرێتە سەر هەدەپە و ئۆپۆزیسیۆن. ئەوەی دەبێ بەرپرسیارێتی بەرامبەر خەڵک  قەبووڵ بکات، دەسەڵاتە".
 
لە کۆتا بەشی تویتەکەی دەمریتاشدا هاتووە: "لە بنەمادا دەبێت دژایەتیی هەموو هەلومەرجێکی وەکو چەک، تووندوتیژی و شەڕبکرێت و ئاشتی فەراهەم بکرێت".
 
بەرەبەیانی 10ی شوباتی 2021 وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەڵۆ-2ی بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە لە چیای گارە دەستیپێکرد. ئۆپەراسیۆنەکە 4 رۆژ بەردەوام بوو. تورکیا دەڵێت 51 گەریلا کوژراون و 2 گەریلاشیان بەدیل گرتوون، بەڵام هەپەگە دەڵێت 37 سەربازی تورکیا کوژراون و 15 گەریلاش گیانیانلەدەستداوە.
 
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر لە 4ی تشرینی دووەمی 2016 ـەوە دەستگیرکراوە و زیاتر لە 4 ساڵە لە گرتووخانەی ئەدیرنەیە.