رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی تورکیا نیگەرانی خۆی لەو پێشهاتانە دەردەبڕێت کە بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بۆ سەر هەولێر و پاکستان لە ناوچەکەدا دروستبوون.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر و پاکستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، "تورکیا نیگەرانە لەو پێشهاتانەی بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکی عێراق و پاکستان دروستبوون."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "نیگەرانین لەو پێشهاتانەی بەهۆی هێرشی ئێران بۆ سەر ئامانجە دیاریکراوەکان لە عێراق دەستیپێکرد و دواتر بە هێرشەکانی بەیانی رۆژی رابردووی ئێران بۆ سەر چەند ئامانجێک لە خاکی پاکستاندا زیادیانکرد و بە هێرشی ئەم بەیانیيەی پاکستانیش بۆ سەر ئامانجەکان لە ئێران خراپتر بوو."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، "پێویستە کێشەکان بە تێگەیشتنی دۆستایەتی و برایەتی لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان لە چوارچێوەی بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی، بەتایبەتی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان چارەسەر بکرێن."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هیواخوازە بێ ئەوەی مەترسیی زیاتر لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دروست بێت، تەواوی پرسەکان بە رێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و دەڵێت، "داوا لە ئێران، عێراق و پاکستانی دۆست و برا دەکەین، بە هێمنی و ژیری، ئارامی دەستەبەر بکەن. کۆماری تورکیا ئامادەیە لەپێناو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە رێگەی ئاشتییانە ئەزموونەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەش بکات و هاوکاری پێشکێش بکات."
هەر ئەمڕۆ، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە تەلەفۆن قسەی کرد و پێکەوە باسیان لە دۆخی دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد.
وەک لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە، هاکان فیدان دڵگرانی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی خەڵکی سڤیل و هاوسۆزی خۆی بۆ هاوتا عێراقییەکەی دەربڕی و هیوای زوو چارەسەربوونی برینی بریندارەکان خواست؛ هاوکات ئامادەیی حکومەتی وڵاتەکەی پێشاندا بۆ گواستنەوە و چارەسەرکردنی بریندارەکانی هێرشە مووشەکییەکە لە نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەی.
کاژێر 23:30ـی رۆژی دووشەممە، 15ـی مانگ، سوپای پاسداران بە 11 مووشەک هێرشیکردە سەر هەولێر و لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش برینداربوون.
رۆژی دواتر ئێران بە مووشەک هێرشیکردە سەر پاکستان و سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمان رۆژ بڵاویکردەوە، بە درۆن و مووشەکی دوورهاوێژ دوو بنکەی گرووپی جەیشی عەدلی لەنێو پاکستان کردووەتە ئامانج.
هێرشەکەی ئێران بێ وەڵام نەمایەوە. بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 18ی کانوونی دووەمی 2024، بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، لە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکەیان، سوپاکەیان زنجیرە هێرشێکی مووشەکیی کردووەتە سەر ناوچەیەکی شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ