کوڕی سەرۆکی سۆماڵ لە ئیستەنبووڵ بە ئۆتۆمبێل کەسێکی کوشت؛ بە 900 دۆلار سزادرا

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، هاوژینی ئەو کەسەی لەلایەن کوڕی سەرۆکی سۆماڵ بە ئۆتۆمبێل لێیدرا و گیانی لەدەستدا، سکاڵاکەی لە دادگە کشاندووەتەوە، بۆیە کوڕی سەرۆکی سۆماڵ بە 900 دۆلار سزادراوە.
 
یونس ئەمرە گۆچەر کارمەندێکی گەیاندن (دیلیڤەری) بوو و رۆژی 1-12-2023 لە ئیستەنبووڵ، کوڕی سەرۆککۆماری سۆماڵ بە ئۆتۆمبێل خۆی پێداکێشا و بە سەختی برینداری کرد. گۆچەر رۆژی 6-12-2023 لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. 
 
محەممەد حەسەن شێخ محەممەد، کوڕی سەرۆککۆماری سۆماڵ ئەوکاتە بەبێ لێپرسینەوە گەڕایەوە وڵاتەکەی. ئەمەش کاردانەوەی کارمەندانی گەیاندنی لێکەوتەوە و لە خۆپێشاندانێکدا داوای مافی هاوپیشەکەیان و سەلامەتیی خۆیان کرد.
  
دوای گیانلەدەستدانی، هاوژینی یونس ئەمرە گۆچەر گوتی "تاوانبار بە بەرچاوی دوو پۆلیسەوە رۆیشتووە و هەوڵی پەردەپۆشکردنی تاوانەکە دەدرێت. ئەو دوو پۆلیسە هاتوونەتە بەردەم نەخۆشخانەش. بە هاوڕێکانی ئەمرەیان گوتووە 'سەرەتا ماتۆڕەکە خۆی بە شۆستەدا کێشاوە. دواتریش خۆی خستووەتە ژێر ئۆتۆمبێلی کۆنسوڵخانە'. هاوڕێکانیشی گوتوویانە 'هێشتا ڤیدیۆ نییە، چۆنتان زانی؟' پۆلیسەکان گوتوویانە 20 ساڵە پۆلیسن و کەس ناتوانێت فێڵیان بکات."
 
دوای گوشارەکان، کوڕەکەی سەرۆککۆماری سۆماڵ گەڕێندرایەوە تورکیا و دادگەیی کرا. رۆژی سێشەممە 17-1-2024 دادگە بڕیاری سزای 2 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند. سزاکە گۆڕدرا بۆ پێبژاردنی 27 هەزار و 300 لیرە، کە دەکاتە نزیکەی 900 دۆلار. ئەم سزایە ناڕەزایی خەڵک و بەشێک لە میدیای تورکیای بەدوای خۆیدا هێنا. 
 
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، کە پێشتر رەتیدەکردەوە هیچ قسەیەک لەسەر ئەم بابەتە بکات، رۆژی چوارشەممە لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان سەبارەت بە سزای نزیکەی 900 دۆلار بۆ داخستنی دۆسیەی گیانلەدەستدانی کەسێک گوتی "ئەو دۆسیەی تاوانەی کەموکوڕیی هەبێت، دەسەڵاتی بڕیارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دادگە. کاتێک سکاڵاکار دەست لە سکاڵاکەی دەکێشێتەوە، ئەمە روودەدات. لەکاتێکدا دوای ئەوەی سکاڵاکار وازی هێنا، سکاڵای گشتی هەر بەردەوام بوو. بڕیاری کۆتاییش بەمجۆرە دەرکرا."
 
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، ئۆزنوور گۆچەر، هاوژینی کارمەندەکەی گەیاندن، ئەو سکاڵایەی کشاندووەتەوە کە لە دژی کوڕی سەرۆککۆماری سۆماڵ تۆماری کردبوو. 
 
یونس ئەمرە گۆچەر کوڕ و کچێکی دوای خۆی جێهێشت، کە یەکێکیان ئۆتیزمە و پێویستی بە چارەسەری بەردەوامە.