هەدەپە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی هەمواری دەستوور بۆ پرسی باڵاپۆشی ناکات


رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، هەدەپە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی هەمواری دەستووری تورکیا بۆ پرسی باڵاپۆشی ناکات. 
 
مەراڵ دانش بێشتاش، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی کۆبوونەوەی سبەی لیژنەی دەستوور کە تایبەت دەبێت بە پرسی هەمواری دەستوور بۆ باڵاپۆشی، گوتی: "کۆبوونەوە بۆ ئەم مەبەستە لەو ماوە کەمەدا کە ماویەتی بۆ هەڵبژاردن، دەریدەخات ئامانج لەو کارە چییە. تاکە شتێک لە بەرنامەی دەسەڵاتدا هەبێت، کۆکردنەوەی دەنگە بۆ هەڵبژاردن و یەکێک لەوانەش ئەم پێشنیازەیە. پرسی باڵاپۆشی کراوەتە هەڵمەتێک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن".
 
بێشتاش راشیگەیاند، هەردوو فراکسیۆنی ئاکپارتی و مەهەپە کاریان کردووە بۆ داخستنی هەدەپە و بێبەشکردنی لە بودجە، "ئەمڕۆش داوای کۆبوونەوە و پاڵپشتیمان لێدەکەن بۆ پرسی باڵاپۆشی کە تەنیا بانگەشەیە بۆ هەڵبژاردن."  
 
بێشتاش ئاماژەی بەوەدا کە بڕیاریانداوە نەبنە بەشێک لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئاکپارتی و گوتی: "لەگەڵ ئەوانەی دان بە دەستووردا نانێن، هەمیشە پێشێلی دەکەن و پشتگوێی دەخەن، دەستوور هەموار ناکرێتەوە و سەرلەنوێ داناڕێژرێتەوە، بۆیە ئێمە وەک هەدەپە بڕیارمانداوە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی سبەی لیژنەی دەستووردا نەکەین".
 
بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا رەتیکردەوە هەدەپە کێشەی لەگەڵ باڵاپۆشی، جۆرێتیی پۆشینی جلوبەرگ، ماف و ئازادییەکاندا هەبێت و گوتی: "دژی هەموو جۆرە جیاکارییەکین، ئەگەر ئاکپارتی راست دەکات با هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک و چارەسەرکردنی قەیرانی قووڵی دارایی کە تەنگی بە هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە چنیوە. ئەم بابەتە لە پرسی باڵاپۆشی زۆر گرنگترە."