ئەم ساڵ لە گومرگەکانی تورکیا 'دەستبەسەر 23 تۆن ماددەی هۆشبەردا' گیراوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، ئەم ساڵ لە گومرگەکاندا دەست بەسەر 23.6 تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوە، کە بایی 29.7 ملیار لیرە بووە. 
 
عومەر بۆلات، وەزیری بازرگانیی تورکیا رۆژی دووشەممە 16ی کانونی یەکەم، لە کاتی گفتوگۆی بودجەی وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی گەنجینەی و دارایی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "25٪ ـی داهاتی باجەکانی تورکیا لە گومرگەوە دێت. ئیدارەکانی گومرگ قەڵخانێکن لە بەرامبەر بازرگانیی نایاسایی."
 
وەزیری بازرگانیی تورکیا ئاشکرای کرد، ئەم ساڵ جگە لەو مادە هۆشبەرەی دەستی بەسەردا گیراوە، بە بەهای 21.2 ملیار لیرە کەلوپەلی بازرگانیی قاچاخ و نایاسایی دەستی بەسەردا گیراوە. بە گشتی ئەم ساڵ بە بەهای زیاتر لە 51 ملیار لیرە دەست بەسەر کەلوپەلی قاچاخ و مادەی هۆشبەردا گیراوە.
 
بە گوتەی وەزیری بازرگانیی تورکیا، ئەم ساڵ بەهای 456 ملیۆن لیرە دەست بەسەر جگەرەی ئەلیکترۆنیدا گیراوە. دەست بەسەر یەک تۆن و 200 کیلۆ زێڕی قاچاخیشدا گیراوە کە بەهاکەی سێ ملیار و 246 ملیۆن لیرە بووە.