ئاکپارتی رەتیدەکاتەوە تورکیا پشتیوانیی هەتەشە بکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رەتیکردەوە تورکیا لە پشت جموجوڵەکانی تەحریر شام بێت و هەموو ئەو دەنگۆیانەی بە هەڵە وەسفکرد کە لەم بارەیەوە بڵاوبوونەتەوە.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی ئێوارەی دووشەممە 16-12-2024، دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری پارتەکەی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە چەند تەوەرێکی رۆژەڤ کرد.
یەکێک لەو تەوەرانەی عومەر چەلیک باسی لێوە کرد، دۆخی هەنووکەیی سووریا بوو.
چەلیک لەبارەی کۆبوونەوەی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی هەواڵگریی تورکیا (میت) لەگەڵ بەرپرسانی تەحریر شام رایگەیاند، ئەوە دۆخێکی ئاساییە و بەرپرسانی وڵاتانی جیهانیش دیداریان لەگەڵ تەحریر شام کردووە.
سەبارەت بەوەی کە ئایا تورکیا لە پشت پێشڕەوییەکانی تەحریر شامە یان نا، چەلیک گوتی: "روونکردنەوە و گوتەی چەند لایەنێک دەبینین کە راستەوخۆ باس لەوە دەکەن، گوایە تورکیا لە پشت بزووتنەوەی هەتەشەیە. هەروەها هەندێک دەڵێن، تورکیا لە رێگەی دیکەوە ئەم کارە دەکات. تەواوی ئەو گوتانەی باس لەوە دەکەن گوایە ئێمە لە پشت بزووتنەوەکەی هەتەشەین، هەڵەن".
رۆژی 25-11-2024 دەستەی تەحریر شام و گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە هێرشیانکردە سەر سەربازانی سوپای سووریا لە باکووری وڵاتەکە.
سەرەتا پارێزگاکانی حەما و حەلەبیان گرت. دواتریش حومس و دیمەشقی پایتەخت.
بەو جۆرە بەشار ئەسەد رووخا و ئێستا سووریا لە سەروبەندی بونیاتنانی حکومەتیکی نوێیە.