نەبوونی خزمەتگوزاری بە زمانی کوردی لە نەخۆشخانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا مشتومڕی ناوەتەوە

19-12-2023
هەوار ئیسماعیل
کاریگەریی نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان
کاریگەریی نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان
نیشانەکردن زمانی کوردی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی تورکیا بودجەی وەزارەتی تەندروستیی بۆ ساڵی 2024 پەسند کرد و نەبوونی خزمەتگوزاری بە زمانی کوردی لە نەخۆشخانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، لەو مژارانە بوو کە لە گفتوگۆکاندا سەرنجی خرایەسەر.
 
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی گوتی "من، وەک پزیشکێکی تورک لە گوندە کوردنشینەکان کارم کردووە. لە گوندێکی ئیدر لە باتمان، بە زەحمەت لە ژنە بەتەمەنە کوردەکان تێدەگەیشتم، چونکە بە کوردی قسەیان دەکرد. وەک حیزب، پێشنیازمان کرد وەرگێڕی کوردی بۆ نەخۆشخانەکان تەرخانبکرێت، بەڵام رەتکرایەوە. بۆچی رەتیدەکەنەوە؟ نیوەی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەک تێگەیشتن و گوێگرتنە لە نەخۆشەکە، ئەگەر گوێ لە نەخۆشەکە نەگریت، دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بە ناتەواوی دەمێنێتەوە."
 
گەرگەرلیئۆغڵو رووی دەمی کردە پەرلەمانتارە کوردەکانی نێو ئاکپارتی و رەخنەی لێگرتن.
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی هەروەها گوتی "من، وەک پزیشکێک و پەرلەمانتارێكی تورک زۆر بەمە ناڕەحەتم؛ پرسیار لە پەرلەمانتارە کوردەکانی نێو ئاکپارتی دەکەم: ئایا ئەمە بە هیچ شێوەیەک ناڕەحەتتان ناکات؟ پرسیار لە ئێوە دەکەم، بۆچی یەکێکتان نایەتە پێشەوە و بڵێ سەرۆکم، شتی وا چۆن دەبێت؟ بۆچی ئەوە ناڵێن؟"
 
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، لەپاڵ زمانی تورکی، پێنج زمانی دیکەی بۆ سیستمی رەچەتەی ئەلیکترۆنی زیادکرد، کە لە نێویاندا زمانی کوردی نییە.
 
وەزیری تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە؛ بۆ هاووڵاتییانی تورکیا، تەنیا بە تورکی ئەو خزمەتگوزارییانە پێشکێش دەکرێن.
 
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا گوتی "بەکارهێنانی رەچەتەی ئەلیکترۆنی سیستمێکە ژیانی ئێمەی ئاسان کردووە. پێشتریش روونم کردووەتەوە. ئەو سیستمە بۆ هاووڵاتییانی خۆمان دانەنراوە. ئەم بابەتە لە چوارچێوەی گەشتیاریی تەندروستی رێکخراوە. بۆ هاووڵاتییانی تورکیامان تەنیا بە تورکی رەچەتە دەنووسرێت."
 
لە باکووری کوردستان و تورکیا زیاتر لە 20 ملیۆن کورد دەژین و تورکی تاکە زمانی فەرمییە. 
 
ئەو هاونیشتمانییە کوردانەی لە تورکیا دەژین و تورکی نازانن، لە ناوەندە فەرمییەکاندا و لە سەنتەرەکانی پەیوەندی کە خزمەتگوزاریی خێرا پێشکێش بە خەڵک دەکرێت، بەهۆی نەبوونی وەرگێڕ و بژارەی زمانی کوردی، ناتوانن بە زمانی دایک گوزارشت لە کێشە و پێداویستییەکانی خۆیان بکەن.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە