ئاکپارتی دەیەوێت 'پاراستنی باڵاپۆشی' لە دەستووری تورکیا زیادبکات

17-12-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، پڕۆژەیاسای هەمواری دوو ماددەی دەستوورییان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد و بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنەکە رایگەیاند، ئەگەر لە پەرلەمان دەنگی پێویست نەهێنێت، گشتپرسی دەکەن.
 
شەوی 17ـی کانوونی یەکەمی 2022، فراکسیۆنی ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی ئۆزلەم زەنگین، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنەکە، پڕۆژەیاسای هەموارکردنی هەردوو ماددەی 24 و 41ـی دەستوور پێشکێشی مستەفا شەنتۆپ، سەرۆکی پەرلەمان کرد.
 
فراکسیۆنی ئاکپارتی لە رێگەی ئەم پڕۆژەیاسایەوە مەبەستیەتی دوو بڕگەی تایبەتی بخاتە سەر ئەو دوو ماددەیە کە پەیوەندیی بە ئازادییەکانی ژنانەوە هەیە و دەیەوێت دەستەواژەکانی "باڵاپۆشی، لەچک، سەرپۆشی" بخاتە نێو دەقی دەستوور.
 
لەوبارەیەوە، ئۆزلەم زەنگین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بە هەموارکردنەوەی ئەم دوو ماددەیە، مافی ژنانی دیندار لە باڵاپۆشی، لەچک و سەرپۆشی لە رێگەی دەستوورەوە گەرەنتی دەکەن بۆ ئەوەی چیدیکە کێشەی باڵاپۆشی لە تورکیا نەمێنێت. 
 
زەنگین راشیگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان پڕۆژەیاساکە ئاراستەی لیژنەی دەستووریی دەکات و گوتی: "پێمانوایە لە مانگی کانوونی دووەمی 2023 ئامادەکارییەکان تەواو بکرێت و لە مانگی شوبات بۆ دەنگدان پێشکێشی ئەنجوومەنی گشتی بکرێت."
 
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا راشیگەیاند، بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاسای هەمواری ئەم دوو ماددەیە لە دەستووری تورکیا پێویستیان بە 400 دەنگ هەیە و بە پشتیوانیی فراکسیۆنی مەهەپە و پارتی تورکیای مەزن توانیویانە 336 دەنگ بەدەستبێنن و پێویستیان بە 64 دەنگی دیکە هەیە بۆ ئەوەی لە پەرلەمان تێپەڕێندرێت، بەڵام لە ئەگەری بەدەستنەهێنانی 400 دەنگ، ناچار دەبن بە 320 دەنگ بیخەنە بەردەم خەڵک و گشتپرسی بۆ بکەن. 
 
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی باسی لەوەش کرد، پێش ئەوەی پڕۆژەیاساکە بچێتە بەردەم ئەنجوومەنی گشتی، دووبارە سەردانی فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان دەکەنەوە. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 2ـی تشرینی دووەمی 2022، بۆ هەمان مەبەست، بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا بە یاوەری هەریەک لە مستەفا ئەلیتاش، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی و عەلی ئیحسان یاڤووز، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی، سەردانی فراکسیۆنەکانی هەدەپە، جەهەپە، ئیی پارتی و مەهەپەیان لە پەرلەمانی تورکیا کرد، بەڵام جگە لە فراکسیۆنی مەهەپە، پارتی تورکیای مەزن و پارتی سەعادەت، سەرجەم فراکسیۆنەکانی دیکە بابەتەکەیان رەتکردەوە.
 
رۆژی 14ـی تشرینی یەکەمی 2022، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ژمارەیەک موختار رایگەیاندبوو، دەسەڵاتی هاوپەیمانی میللـەت "داکۆکیکەری راستەقینەی باڵاپۆش" دەبێت و هیچ مەترسییەک لەسەریان نابێت و ئەوەی ئاکپارتی بانگەشەی بۆ دەکات "گوایە ئەگەر جەهەپە دەسەڵات وەربگرێت باڵاپۆشی قەدەخە دەکات، دوورە لە راستییەوە" و گوتبووی: "ئێمە بەیاسا مافەکانی باڵاپۆشی دەپارێزین". 
 
لە بەرامبەردا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی و مەهەپە پێکهێنەری سەرەکین رایانگەیاند، ئەو بابەتە بە یاسا ناکرێت و پێویستە بخرێتە ناو دەستوورەوە، بەڵام فراکسیۆنی هەدەپە و هاوپەیمانیی میللـەت هەڵوێستی روونی خۆیان راگەیاند کە بەهۆی نەبوونی متمانە بە هاوپەیمانیی جمهوور، نابنە بەشێک لە دەستپێشخەریی ئاکپارتی و رەتیدەکەنەوە.
 
رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پارێزگای مەلەتێ-ی باکووری کوردستان لە گوتارێکدا هێرشی کردە سەر کڵچدارئۆغڵو و گوتی: "ئەگەر راست دەکەیت و رژدیت لە هەڵوێستەکەت و مەبەستتە ئەم کارە بکەیت، بۆ جارێکیش بێت مەبە بەشێک لە کێشە، وەرە با بە گشتپرسیی چارەسەری ئەمە بکەین، ئەگەر ئەمە لە پەرلەمان چارەسەر نەکرا، با بیخەینە بەردەم گەل، با گەل بڕیاری خۆی لەسەر بدات". 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە