لە ئیستەنبووڵ تەقینەوە روویدا؛ کەسێک گیانی لەدەستدا و پێنجی دیکە بریندار بوون

خەڵکی و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی لە شوێنی رووداوەکەی ئیستەنبووڵ کۆبوونەتەوە.
رووداو دیجیتاڵ
 
تەقینەوەیەک لە باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی لە ئیستەنبووڵ، گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی پێنج کەسی دیکەی لێکەوتەوە.
 
تەقینەوەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 17ـی تشرینی دووەمی 2023، لەنێو باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی لە گەڕەکی ئەتاتورک لە ناوچەی کوچوک چەکمەجە لە ئیستەنبووڵ روویدا و بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.
 
دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی پۆلیس، تەندروستی و ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش، تەقینەوەکە بەهۆی دزەکردنی گازی سروشتیی ماڵانەوە بووە.
 
پارێزگای ئیستەنبووڵ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیە کە سەرچاوەکەی گازی سروشتی بووە، هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا و پێنج کەسی دیکە برینداربوون کە برینی دووانیان سەختە".
 
پارێزگای ئیستەنبووڵ ئاماژە بەوە دەکات، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە بەردەوامە.