222 کەس لە تورکیا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پەکەکە دەستگیر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی 222 کەسی بە تۆمەتی ئەندامبوونیان لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 36 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا راگەیاند.
 
ئەمڕۆ 17ی ئابی 2024 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی گورز لە 36 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد، 222 گومانلێکراو لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیرکراون.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیادا هاتووە، بە هاوئاهەنگی میت و هەواڵگریی ئاسایش، زانیاری لەبارەی شانە نهێنییەکانی پەکەکە کۆکرایەوە و دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات ئەنجامدرا.
 
عەلی یەرلیکایا دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئاگری، ئەردەخان، ئێلیهـ، چەولیگ، ئامەد، خارپێت، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، مەڵەتێ، مێردین، مووش، سێرت، رووها، شرنەخ و وان لە باکووری کوردستان و پارێزگاکانی ئەنقەرە، ئادانا، ئەنتالیا، بالکئەسیر، بورسا، چاناکالە، دەنیزلی، ئەسکیشەهیر، هاتای، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، قەیسەری، کۆجائێلی، کۆنیا، مانیسا، مەرسین، نیدە، ساکاریا، تەکیرداغ و یاڵۆڤای تورکیا ئەنجامدراوە.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە کاتی پشکنینی ئەو شوێنانەی گومانلێکراوەکان تێیاندا دەستگیرکراون، دەستبەسەر ژمارەیەکی زۆر بەڵگەنامەی دیجیتاڵی و چەکی بێ مۆڵەت و چەندین بڵاوکراوەی پەکەکەدا گیراوە.