سکرتێری پارتی وەتەن بۆ رووداو: لەسەر داوای شام لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆدەبینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی پارتی وەتەن رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا دۆغو پەرینچەک، سەرۆکی پارتەکە بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا سەرۆکایەتیی شاندیک دەکات و بەرەو شام بەڕێدەکەوێت، تۆری میدیایی رووداو هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئۆزگور بورساڵی، سکرتێری گشتیی پارتی وەتەن سازدا. 
 
سکرتێری پارتی وەتەن باسی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "پێشکەوتن و بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمیی کوردی عێراق زۆر گرنگ و واتادارە." 
 
لە گوتەکانیدا سکرتێری ئەو پارتەی تورکیا باسی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، مرۆڤێکی بەڕێزە و سەرۆکێکی بەهادارە. بەتایبەتی لەم ماوەیەی دواییدا هاوئاهەنگیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ئەو هەڵوێستەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشانەی تیرۆر نیشانیدا زۆر گرنگ بوون." 
 
لەبارەی سووریاشەوە، ئۆزگور بورساڵی دەستکەوتەکانی هاوئاهەنگیی نێوان تورکیا و سووریای بە گرنگ ناوبرد و دەڵێت، "هاوئاهەنگیی تورکیا و سووریا پەکەکە/پەیەدە ناچار دەکات ئاڵای سپی هەڵبدەن. لەکاتێکدا ئەوان هێزێکی ئەمریکان لە ناوچەکەدا و سەربازی ئەمریکان." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئۆزگور بورساڵی، سکرتێری پارتی وەتەن: 
 
رووداو: پارتی وەتەن رایگەیاند کە دیداری نێوان بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و دۆغو پەرینچەک، سەرۆکی پارتی وەتەن ماوەیەک بوو لە رۆژەڤدا بوو. ئایا لەم ماوەیەدا گەنگەشەی چی دەکرا؟ ئایا لە دوورەوە پارتەکەتان لە شام دیداری بەردەوامی هەبوو؟
 
ئۆزگور بورساڵی: پەیوەندییەکانی پارتی وەتەن لەگەڵ دەوڵەتی سووریا و پارتەکانی بەعس بناخەیەکی دۆستایەتیی تۆکمەیان هەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێکی زۆر. پێشتریش ساڵی 2015 سەرۆکی گشتیمان بەڕێز دۆغو پەرینچەک سەردانی سووریای کرد و لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەتی سووریا، بەشار ئەسەد کۆببووەوە. جگە شاندەکانی گەنجان و پارتەکەمان بە گشتی زۆر جار سەردانی شامیان کردووە و لەوێدا دیدار و کۆبوونەوەی جۆراوجۆریان کردووە. 
 
هەروەها لەدوورەوە و لەڕێی تەلەفۆنەوە لەگەڵ بەرپرسانی سووریا گوتوبێژی گرنگمان هەبووە. بەتایبەتی دوای 2011 و دوای دەستوەردانی ئەمریکا لە سووریا، ئێمە وەکو پارتی وەتەن رامانگەیاند کە ئەوە دەستوەردانێکی ئیمپریالیزمانەیە و ئامانجەکەی گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزەیە لەڕێگەی رێڕەوی دەریای نێوەڕاست، لە هەمووی گرنگتر دامەزراندنی ئیسرائیلی دووەمە لە باکووری سووریادا، باسمان لەوەش کرد کە ئەمریکا هەنگاو دەنێ بۆ ئەوەی تورکیاش هاوشێوەی سووریا دابەش بکات. جەختمان کردەوە کە سەروەریی خاکی سووریا؛ سەروەریی خاکی تورکیایە و خەڵکی هەردوولا بران. ئێمە هەمیشە دەمانگوت هەردوو وڵات و خەڵکەکەش لە دژی هەڕەشەکانی ئیمپریالیزم یەکدی لە باوەش دەگرن. لە دیدارەکانیشمان لەگەڵ دەوڵەتی سووریا هەموو کات باسمان لەم هەوڵانە دەکرد. 
 
رووداو: ئێوە باستان لەوە کرد کە سووریا متمانە بە پارتی وەتەن دەکات؟ ئایا ئەو تایبەتمەندییە چییە کە بۆچوونێکی وەهای بۆ شام دروستکردووە؟
 
ئۆزگور بورساڵی: بێگومان پارتی وەتەن ماوەی 55 ساڵە لە تورکیادا سیاسەت دەکات. پارتەکەمان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی گشتیمان دۆغو پەرینچەک، لەسەر هێڵی دژە ئیمپریالیست، بۆ پشتیوانی خەڵک سیاسەت دەکات. هاوکات پارتێکی سیاسیی فرەڕەگ و کاریگەری وەهایە لە دژی گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر جیهان، بەتایبەتیش لەسەر وڵاتانی دراوسێ دەوەستێتەوە و پشتی خەڵکی ستەملێکراو دەگرێت. پارتەکەمان لە ماوەی 50 ساڵدا کاری گرنگی زۆری ئەنجامداون کە بووەتە رۆژەڤی سیاسەتی جیهان. وەنەبێ تەنیا لەگەڵ سووریا، بەڵکو لە ئێران، عێراق، رووسیا، لە ئاسیای نێوەڕاست و کۆمارە تورکەکانەوە تاوەکو دەگاتە چین، تەنانەت بە وڵاتە تازەپێشکەوتووەکانی ئەمریکای باشووریشەوە، پارتی وەتەن بارستایی و پەیوەندییەکی ریشەیی و تۆکمەی هەیە. دەوڵەتی سووریاش لەبەر ئەم تایبەتمەندییانە متمانەی بە سەرۆکی گشتیمان دۆغو پەرینچەک هەیە. پارتی وەتەنیش متمانەی بە بەڕێز بەڕێز بەشار ئەسەد و دەوڵەتی سووریا هەیە. 
 
رووداو: بانگهێشتەکە لای کام دامەزراوەی حکومەتی سووریاوە ئاراستەی پارتی وەتەن کرا؟ ئایا لە ئاستی باڵاوە دۆغو پەرینچەک بانگهێشتکراوە؟ جگە لەمەش شاندەکە ئەندامانی پارتەکانی دیکەی تێدا دەبێت؟
 
ئۆزگور بورساڵی: ماوەیەکی زۆرە حکومەتی سووریا بە پێداگرییەوە بانگهێشتی پارتەکەی ئێمە دەکات. دەتوانم بڵێم ئەم بانگهێشتەش لە بەرزترین ئاستی دەوڵەتی سووریاوە بۆ پارتەکەمان هاتووە. سەرۆکی گشتیی پارتی وەتەن دۆغو پەرینچەک سەرۆکایەتیی شاندەکەمان دەکات. هەروەها یەکێک لە سەرکردەکانی پارتەکەمان ئەدهەم سانجاک لەگەڵ شاندەکە دەبێت. بەشێک لە بەرپرسانی پارتەکەمان لە شاندەکەدا دەبن. هاوکات لە دەرەوەی پارتەکەمانەوە چەند کەسایەتییەک کە نوێنەرایەتیی خەڵک دەکەن لەگەڵ ئەو شاندەدا دەبن کە سەردانی شام دەکات. لە چەند رۆژی داهاتوودا لیستی شاندەکە و رۆژی سەردان بڵاودەکەینەوە. 
 
رووداو: ئەگەر سەردێڕێک بۆ ئەم سەردانەی دۆغو پەرینچەک بۆ شام دابنێیت، چی هەڵدەبژێریت؟ ئایا سەردێڕی [پەیوەندییەکانی سووریا - تورکیا] بابەتەکە تێر دەکات؟
 
ئۆزگور بورساڵی: دیدارەکان بریتین لە بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیا لە هەموو روویەکەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە سەربازی و ئابووری. تێکۆشانی هاوبەش لە دژی رێکخراوە تیرۆرستییەکانی پەکەکە و پەیەدە و تەواوی رێکخراوە تیرۆرستییەکانی دیکە، هەروەها سەروەریی خاکی سووریا و زەمینەسازی بۆ گەڕانەوەی پەنابەری میوان لە تورکیا بە سەلامەتی بۆ وڵاتەکەیان دەبنە سەردێڕی دیدارەکان. 
 
هەڵبەتە سوود و دەستکەوتەکانی هاوئاهەنگیی نێوان تورکیا و سووریا بە گرنگ دەزانین و گفتوگۆی لەسەر دەکەین. هاوئاهەنگیی تورکیا و سووریا پەکەکە/پەیەدە ناچار دەکات ئاڵای سپی هەڵبدەن. لەکاتێکدا ئەوان هێزێکی ئەمریکان لە ناوچەکەدا و سەربازی ئەمریکان. سووریا چەندینجار رایگەیاندووە کە ئیرادەی بەرەنگاربوونەوەی پەیەدەی هەیە. بە لەنێوچوونی ئەو رێکخراوە تیرۆرستییانە سەروەریی خاکی سووریا بەدی دێت و پەنابەرانیش دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، ماڵەکانیان، کێڵگەکانیان، بازاڕ و دووکانەکانیان و بە سەلامەتی بە خزم و کەسیان شاد دەبنەوە. هاوکات لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاستدا ئەمریکا هەڕەشە لە تەواوی ناوچەکە دەکات. هاوئاهەنگیی تورکیا و سووریا لەو بەرەیەشەوە؛ واتا لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاستدا بە رادەیەک گرنگە کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سەنگەرەکانمان لەوێ و دەستخستنی مافەکانمان. واتا هاوئاهەنگیی ئەم دوو وڵاتە هاوکێشەی جیهان دەگۆڕێت. هەروەها دەبێتە سەرچاوەکی ئاسایش بۆ وڵاتانی ناوچەکە. لە باشووری ئاسیاوە بگرە ئەگەر لە دژی هەڕەشەکانی ئەمریکا دەست لە نێو دەست بین لە بەرژەوەندیی هەمووماندایە، چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دەریای رەشەوە تاوەکو ئیجە لەوێشەوە تاوەکو باکووری سووریا، بەو دەیان بنکە سەربازییەی دایمەزراندوون سەربەخۆیی و سەروەریی خاکی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکەی خستووەتە ژێر هەڕەشەوە. 
 
رووداو: ئایا ئەم دیدارەی بڕیارە لە شام ئەنجام بدرێت، هاوئاهەنگیی پارتی وەتەن و یاکپارتییە؟ یانیش هەنگاوی تاکلایەنەی پارتی وەتەنە؟ جگە لە ئاکپارتی، پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن ئاگاداری ئەم هەنگاوە بوون؟ دەکرێ پارتی وەتەن وەکو نێوەندگیر لە نێوان ئەنقەرە و شام ببینرێت؟ یان وەکو لایەنی تورکیا دەبینرێت؟
 
ئۆزگور بورساڵی: پارتی وەتەن بە شێوەیەکی سەربەخۆ و لەسەر بانگهێشتی دەوڵەتی سووریا ئەم سەردانە دەکات. ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە ئاکپارتییەوە نییە. پارتی وەتەن نێوەندگیر نییە. بەڵکو لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی خۆی و بەگوێرەی سیاسەت و پرۆگرامەکانی لەبارەی داهاتووی تورکیا دەچێتە سووریا. هیچ ئەرکێکی نێوەندگیریی نییە. بێگومان دەوڵەتی تورکیا ئاگاداری ئەم سەردانەیە و ئاساییە کە هەواڵی هەبێت. بێگومان ئەم سەردانە بۆ هاوئاهەنگی و بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی هەردوولا سوودی خۆی هەیە. پارتی وەتەن پێشتر لەکاتی کەوتنی فڕۆکەی رووسی، پەیوەندییەکانی رووسیا - تورکیای بنیاتنایەوە. هەروەها هەوڵی جیددیی داوە بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی کۆماری چین و ئێران لەگەڵ تورکیا بە شێوەیەکی تەندروست. ئێستا ئەم سەردانەی سووریا بۆ وڵاتەکەمان و هەردوو وڵات ئەنجامی ئەرێنیی دەبێت. 
 
رووداو: گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا کە بە (ئۆسۆ) ناسراون، لەم دۆخە نیگەرانن و کاردانەوەکانیان روونە. ئایا لەو دیدارانەدا باسی چارەنووسی ئەو گرووپە چەکدارانە دەکرێت؟
 
ئۆزگور بورساڵی: لەبارەی ئۆسۆ، بێگومان لە سووریادا یەک حکومەت هەیە کە ئەویش حکومەتی بەشار ئەسەدە کە حکومەتی خەڵکە و رەوایە. بەڵێ تورکیا لەگەڵ ئۆسۆ ، (سوپای سووریای ئازاد) پێکەوەبوونی هەیە. ئۆسۆ هاوشانی تورکیا لە دژی پەکەکە و داعش شەڕیان کردووە. هاوکات دژی ئەمریکا شەڕی کردووە بەڵام لەم خاڵەی پێی گەیشتووین، بەتایبەتی لە قۆناخی داهاتوودا لە هاوئاهەنگیی هەردوو وڵات و پاککردنەوەی ناوچەکە لە تیرۆر، هێزەکانی ئۆسۆ دەبێت لەگەڵ سیستمی دەوڵەتی سووریا یەکبگرن و بەشداری لە قۆناخی پاراستنی سەروەریی سووریادا بکەن. پرۆسەکە بەمجۆرە دیزاین دەبێت. 
   
رووداو: ئایا هەڵوێست و رۆڵی رووسیا لەم دیدارەی نێوان دۆغو پەرینچەک و بەرپرسانی سووریا چییە؟
 
ئۆزگور بورساڵی: رووسیا لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکەش، پێگەیەکی یەکلاکەرەوەی هەیە. شاندەکانی پارتەکەمان بە بەردەوامی لەگەڵ رووسیاش دیداریان هەیە. دواجار لە 28 و 29ی تەممووزدا شاندێکی پارتەکەمان لە مۆسکۆ لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا کۆبووەوە. 
 
بێگومان هەڕەشەکانی سەر تورکیا، سووریا و رووسیا لە هەمان سەرچاوەوە دێن کە ئەویش ئەمریکایە. جا ئەو وڵاتانەی لە خاڵێکی هاوبەشەوە هەڕەشەیان لێ دەکرێت، بەرژەوەندی و چارەنووسیشیان هاوبەشە. چارەنووسی ئەم سێ وڵاتە هاوبەشە. لەڕاستیدا ئەو سێ وڵاتە بوونەتە هاوڕێی چەکداریی یەکدی و لە بەرامبەر ئەمریکا سەنگەریان گرتووە. رووسیا بە روونی لەگەڵ هاوئاهەنگیی تورکیا و سووریادایە. تورکیاش لەگەڵ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریایە. هێزیکی گەورەی جیهانیی وەکو رووسیا، متمانەپێکراوترین هاوپەیمانی تورکیا و سووریایە لە دژی هەڕەشەکانی ئەمریکا. ئەمە بە درێژایی مێژوو بەمجۆرە بووە. هەر کاتێک تورکیا، رووسیا و سووریا بەرەنگاری یەکدی بووبێتنەوە، ئیمپریالیستە رۆژئاواییەکان سوودمەندی دۆخەکە بوون، بەڵام هەر کاتێک ئەم وڵاتانە دەست لەنێو دەست بووبن، پلانی ئیمپریالیستە رۆژئاواییەکان هەڵوەشاوەتەوە. لەم رووەوە لە جیهانی نوێدا سیستمی ئەتڵەنتیک، سیستمی ئەمریکا و شانشینی دۆلار دەڕووخێت و شارستانیەتییەکی نوێی ئاسیا لە بەرزبوونەوەدایە. ئەو دەوڵەتانەی پێشڕەوی ئەو شارستانیەتییەن بریتین لە سووریا، تورکیا، ئێران، رووسیا، عێراق و تەواوی ئەو وڵاتانەن تاوەکو چین. ئەو وڵاتانە هەموویان دۆست و هاوپەیمانی یەکدین. 
 
رووداو: ئێوە دەڵێن لە داهاتوودا دەسەڵاتی تورکیا وەردەگرن. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، هەڵوێستی ئێوە بەرامبەر بە کورد چییە؟ چۆن لە پرسی کورد دەڕوانن؟
 
ئۆزگور بورساڵی: ئێمە وەکو پارتی وەتەن، بنەڕەتیترین دروشممان ئەوەیە کە دەڵێ؛ کوردیش ئێمەین و تورکیش ئێمەین، هەموومان بەیەکەوە گەلی تورکین. کورد لە بەهادارترین خەڵکانی ئەم جوگرافیایەن. بەتایبەتی کورد و تورکەکان لە هەمان رووباردا یەکدییان لە باوەشگرتووە و تێکەڵی یەکدی بوون. هەزار ساڵە بران و لە هەمان سەنگەردا شان بە شانی یەکدی شەڕیان کردووە و بوونەتە گەلێکی مەزن کە گەلی تورکە. پارتەکەی ئێمەش و بەڕێز سەرۆکی گشتیمان دۆغو پەرینچەک-یش یەکێکە لەو سەرکردە سیاسییانەی زۆرترین قوربانیی داوە لەپێناوی یەکسانی دیموکراسیەتی کوردەکان، بەتایبەتی لە ساڵانی 1990-کاندا سەرکردایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ئەو گوشار و نایەکسانییە کردووە کە لە باشوور و رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ کە دژی کورد کراوە.  
 
هەروەها 15 ساڵی تەمەنی لە گرتووخانە بەسەربردووە، ئەم قوربانییەی لەپێناوی برایەتی و تورک و کورد داوە. هەتا سەرۆکی گشتیمان گوتەیەکی زۆر بەناوبانگی هەیە کە دەڵێ؛ هەتا یەک کورد لە دۆزەخ مابێت، هیچ تورکێک مافی چوونە بەهەشتی نییە. پارتی وەتەن لە بابەتی مافە دیموکراسییەکانی کورد تێکۆشانی زۆری کردووە. دەبینین ئەمڕۆ پارتی وەتەن رۆڵی مەزنی هەیە لە بابەتی پەخش بە زمانی کوردی، بڵاوکردنەوەی رۆژنامە و یەکسانی لە ژماردندا. ئەمڕۆ ئیدی بابەتەکە کێشەی کورد نییە، بەتایبەتی دەبینین کێشەی ئەمریکا لە ئارادایە. هەر بۆیە ئێمە دەتوانین بە کوردی ناوچەکەمان و وڵاتەکەمان بڵێین؛ پێویستە لە دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکا دەست لەنێو دەست و بەیەکەوە بین. لەم بابەتەدا کوردەکان سەربەرز، بەنامووس، بەشەرەفن و نموونەیین. ئەمڕۆ بە تورک و کوردەوە ئێمە لە تێکۆشانداین. 
 
رووداو: وەکو پارتی وەتەن، چۆن لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەڕوانن؟ بەرنامە و تێڕوانینتان چییە لەمبارەیەوە؟
 
ئۆزگور بورساڵی: پێشکەوتن و بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمیی کوردی عێراق زۆر گرنگ و واتادارە. دەست لەنێو دەستبوونی هەردوو وڵات و وڵاتانی ناوچەکە لە دژی ئەمریکا، زۆر گرنگە. لەمبارەیەوە وانەی زۆر لە مێژوودا هەن. هەرکاتێک هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا کرابێت، کوردەکان و تورکەکانی ناوچەکە زەرەری زۆرمان بینیوە و قوربانیی زۆرمان داوە. بەڵام هەر کاتێک یەکگرتوو بووین و تێکۆشانمان کردووە، ئەوکاتە خەڵک و وڵاتانەکانمان سەربەخۆیی و بەرژەوەندییان دەستکەوتووە. 
 
رووداو: سیاسەت و پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟
 
ئۆزگور بورساڵی: بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، مرۆڤێکی بەڕێزە و سەرۆکێکی بەهادارە. بەتایبەتی لەم ماوەیەی دواییدا هاوئاهەنگیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ئەو هەڵوێستەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشانەی تیرۆر نیشانیدا زۆر گرنگ بوون. ئەمە لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق و هەرێم و تورکیاشە. دواجار لە ناوچەکەدا تورک، عەرەب، فارس و کوردەکان خەڵکی ستەملێکراون. جا پێویستە لە دژی ئەو گوشارانەی ئەمریکا هاوهەڵوێست و یەکگرتوو بین. پێویستە دەوڵەتەکان خاوەنداریی خەڵکەکانیان بکەن. ئەمە لە کولتووری ئێمەدایە. چونکە ئێمە بەهۆی کولتووری ئیسلامییەوە و بەهۆی مرۆڤبوونەوە پەروەردەیەکی وەهامان وەرگرتووە. هاوکات ئەم هەڵوێستەمان لە ژیانی سەربەرزانە وەرگرتووە. خەڵکانی ئەم ناوچەیە بە شەرەف و سەربەرزن و عاشقی سەربەخۆیین. هەر بۆیە لەکاتێکدا لەگەڵ بەرزبوونەوەی چاخی ئاسیادا جیهانێکی نوێ لە ئارادایە، سەربەخۆیی وڵاتەکانمان و ئازادیی گەلانمان و برایەتی و یەکگرتووییمان دەبنە جوانییەکی بێسنوور بۆ سەد ساڵی ئاییندە.