رێژەی 45٪ـی زەویی تورکیا مەترسی بەبیابانبوونی لەسەرە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی بەشی پێکهاتەی کشتووکاڵ و ئاودێری لە کۆلێژی کشتووکاڵی زانکۆی ئۆندۆکوز مایس لە پارێزگای سامسوونی هەرێمی دەریای رەش-ی تورکیا رایگەیاند، 45٪ـی زەویی تورکیا بەهۆی داشۆرانی خاکەوە، مەترسیی بەبیابانبوونی لەسەرە.
 
پڕۆفیسۆر یوسف دەمیر، ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە لەو کاتەوەی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون لە 17ـی حوزەیرانی ساڵی 1994 پەسندکراوە، رۆژی 17ـی حوزەیران وەک رۆژی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و وشکەساڵی دیاریکراوە.
 
دەمیر ئاماژەی بەوە دا، 95٪ـی پێداویستیی خۆراکیی جیهان لەرێگەی خاکەوە دابین دەکرێت و، گوتی "زۆربەی توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن؛ پرۆسەی پێکهاتنی 50 سانتیمەتر زەویی کشتووکاڵی، نزیکەی 20 هەزار ساڵ دەخایێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەهای ئەم گەوهەرە نازانرێت و ناتوانرێت بەپێی پێویست پارێزگاریی لێبکرێت".
 
پرۆفیسۆر یوسف دەمیر دەڵێت: نزیکەی 80٪ـی رووبەری تورکیا لە زەوی کشتوکاڵی و دارستان پێکهاتووە "وەک دەزانرێت ئێمە لە جوگرافیایەکی وشکدا دەژین. بەپێی نەخشەی بەبیابانبوون، نزیکەی چواریەکی وڵاتەکەمان مەترسیی بە بیابانبوونی لەسەرە". جەختی لەوەشکردەوە، بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون و لەناوچوونی زەوی و وشکەساڵی، یەکێکە لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی جیهان .
 
گوتیشی "بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر گەشەپێدانی وڵاتەکەمان، بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون بووەتە یەکێک لە ستراتیژییە سەرەکییەکان. 45٪ـی زەویوزارەکان لە تورکیا بەهۆی داشۆرانی خاکەوە مەترسی بەبیابانبوونیان لەسەرە. بەگوێرەی پێشبینییەکان، ساڵانە نزیکەی 640 ملیۆن تۆن خاک لەدەست دەچێت، خاکەکە تادێت بێبەرهەم دەبێت و پێویستە بەردەوام پەینی کیمیایی بەکاربهێنرێت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان. لە ئەنجامدا ئەو خاکە بە شێوەیەکی جیدی زیانی بەردەکەوێت و ژینگە پیس دەبێت".
 
ئەو پرۆفیسۆرە ئاماژەی بەوەش دا، پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2050 رێژەی بارانبارین لە جیهان و لە تورکیادا 25٪ کەمبکات، بۆیە پێویستە دەست بە ئاوەوە بگیرێت، گوتی "بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون، پێویستمان بە پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان و پلانی تۆکمە و درێژخایەنە".