لە تورکیا رەگەزپەرستی دژی پەنابەرانی سووری زیادیکردووە
رووداو - هەولێر
گولسەرەن یۆڵئەری پارێزەر و چالاکڤانێکی مافی مرۆڤە لە تورکیا، لە زیادبوونی رەگەزپەرستی دژی بیانەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەتی پەنابەرانی سووری نیگەرانە.
ئەو پێیوایە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بکرێت، رەگەزپەرستی دژی پەنابەرانی سووری لە تورکیا لە هەڵکشاندایە.
گولسەرەن یۆڵئەری. چالاکڤانی مافی مرۆڤ گوتی: "لە تورکیا رەگەزپەرستی دژی پەنابەران شتێکی نوێ نییە، بەردەوام بەجۆرێک قسە دەکرێت کە گوایە لە ئەوروپا دژایەتیی بیانییەکان هەیە، بەڵام لە تورکیادا ئەمە کێشەیەکی جدییە. بۆ تێپەڕاندنی ئەم کێشەیە، رێوشوێنی پێویست ناگیرێتەبەر. نە رێکارەکانی دەوڵەت دەیانگرێتەبەر و نە ئۆپۆزیسیۆن".
محەممەد پەنابەرێكی سووری نیشتەجێی شاری ئیستەنبووڵە، کەشی سیاسی تورکیا نیگەرانی کردووە و پێیوایە دەبێت سوورییەکان وەک ئامرازێک لە سیاسەتی ناوخۆدا بەکارنەهێندرێن.
محەممەد، پەنابەری سووری باسی لەوە کرد: "ئێمە چاوەڕێمان دەکرد پێدانی مۆڵەت دەستپێبکات. بۆ ئەوەی بچین بۆ سووریا و کەسوکار و ئازیزانمان ببینین، نە کەم و زۆر، ئێمەی پەنابەران نامانەوێت وەک کارتێکی سیاسی بەکار بهێندرێین، چونکە هیچ پەیوەندییەکمان بەم بابەتەوە نییە".
وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 16ـی حوزەیران رایگەیاند، لە تورکیا سێ ملیۆن و 700 هەزار پەنابەری سووری دەمێننەوە. لە کاتێکدا سیاسەتڤانان و بە تایبەتیش ئۆپۆزیسیۆن، هەوڵدەدەن پرسی پەنابەران لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەکاربهێنن، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بۆ جاری دووەم لەسەر یەک پشووی جەژنی بۆ ئاوارە سوورییەکان هەڵوەشاندەوە و بڕیارێکی دیکەی دەرکرد کە شوێنی نیشتەجێبوونی بیانییەکانی لە هەندێک ناوچەدا سنووردار کرد.
فیراس رەزوانئۆغڵو، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی گوتی: "کەلێن لە یاساکەدا هەیە، هیچ ئامادەکارییەکی یاسایی دروست نییە بۆ پرسی پەنابەران و بیانییەکان، هەرکەسێک بن، پرسی پەنابەران بابەتێکی نوێیە بۆ تورکیا، بووەتە کارێكی سیاسی لە ناوخۆی تورکیادا بەکاردەهێندرێت".
مانگی ئایاری رابردوو، سەرۆككۆماری تورکیا پلانی گەڕاندنەوەی یەك ملیۆن پەنابەری سووری راگەیاند، بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بۆ ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە لە باكووری سووریا لە ناوچەکانی لەژێر كۆنترۆڵی تورکیا دروستیان دەکەن. بڕیارێک کە بووە هۆی لێكترازان و پرسیاركردن لە ئامانجە راستەقینەكانی.