رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، پێیوایە سزادانی سەلاحەدین دەمیرتاش، ئەحمەد تورک و سیاسەتڤانانی کورد لە دۆسیەی کۆبانێدا سوودی بۆ کەس نەبووە و نابێت. دەشڵێت، "لەم وڵاتەدا زۆر پرۆسەی دادگەییکردنی سیاسی هەن کە پشتیان بە رق و کینە بەستووە. بەداخەوە سیستمی دادوەری کراوەتە ئامرازی سیاسی."
ئەمڕۆ هەینی 17ی ئایاری 2024 ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، کە ئێستا لە رۆما-ی پایتەختی ئیتاڵیا-یە بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی بەڕێوەبردنی ئۆڵۆمپیادی یارییە وەرزشییەکانی ئەورووپا، کە بڕیارە ساڵی 2027 لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەبچێت، لەبارەی دۆسیەی کۆبانێ بۆ میدیای تورکیا دوا.
ئیمامئۆغڵو دڵگرانیی خۆی لە سزادانی سەلاحەدین دەمیرتاش و ئەحمەد تورک و سیاسەتڤانانی کورد دەربڕی و رایگەیاند، "بەداخەوە لەم وڵاتەدا زۆر پرسی دادگەییکردنی سیاسی هەن کە پشت ئەستوورن بە رق و کینە. ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی خەڵک بەبێ بنەمایەکی یاسایی زیندانی بکرێن. سزادانی سەلاحەدین دەمیرتاش، ئەحمەد تورک و ئەم هەموو مرۆڤە سوودی بۆ کەس نەبووە و نابێت."
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە، دەسەڵات سیستمی دادوەریی کردووەتە ئامرازێکی سیاسی و هەمیشە لە دژی نەیارانی و تەنانەت ئەو کەسانە بەکاریدەهێنێت کە پێچەوانەی ئەوان بیر دەکەنەوە.
سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ ئەوەشی خستەڕوو، دوو هەفتە بەر لە ئێستا سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندبوو، سەردەمی میانڕەوی و نەرمی نواندن لە پرۆسەی سیاسیدا دەست پێدەکەن، کەچی ئەم هەموو رووداوەمان بینی و گوتی، "نەرمی نواندن بە بەهێزکردنی ژێرخانی سیستمی دادوەری و پابەندبوون بە دەستوور و رێزگرتن لە یاسا کارپێکراوەکانەوە دەبێت؛ بەڵام دەسەڵات رێز لە هیچ کامیان ناگرێت."
جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر بێدەنگی بنوێنن لەئاست ئەم هەموو پێشێلکارییە، سبەی نۆرەی ئەوانیش دێت. باسی لەوەش کرد، خۆیشی داوایەکی یاسایی لە دژی تۆمار کراوە و نزیکەی هەشت ساڵە بەردەوامە و وەکو کارتێکی گوشار لە دژی بەکاردەهێنن.
رۆژی پێنجشەممە 16ی ئایاری 2024، 84ەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگەییکردنی دۆسیەی کۆبانێ لە دژی 108 سیاسەتڤانی کورد کە 18 کەسیان لە زیندان بوون، بەڕێوەچوو. لە دانیشتنەکەدا وەکو چاوەڕوان دەکرا، دەستەی دادوەران بڕیاریان لەسەر تۆمەتبارانی دۆسیەکە دا و سەلاحەدین دەمیرتاش و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی بە زیندانیکردن سزا دران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ