ئەحمەد تورک بۆ رووداو: دەیانەوێت دەنگی سیاسەتڤانانی کورد کپ بکەن

17-05-2024
سینا سۆما
ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی شارەوانیی مێردین
ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی شارەوانیی مێردین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی مێردین کە لەلایەن دادگەی ئەنقەرەوە سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە، داوای یەکێتیی گەلی کورد دەکات و دەڵێت، "دەیانەوێت دەنگی سیاسەتڤانانی کورد کپ بکەن." دەشلێت، بڕیارەکانی دادگەی دۆسیەی کۆبانی هیچ قازانجێکیان بۆ گەلانی کورد و تورک نییە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی ئایاری 2024، 84ـەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگەییکردنی دۆسیەی کۆبانێ لە دژی 108 سیاسەتڤانی کورد کە ئێستا 18 کەسیان لە زیندانن، بەڕێوەچوو.
 
لە دانیشتنەکەدا وەک چاوەڕوان دەکرا، دەستەی دادوەران بڕیاریان لەسەر تۆمەتبارانی دۆسیەکە دا و یەکێک لەو کەسانە ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی کورد و هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی مێردینە، کە بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزا درا.
 
ئەمڕۆ هەینی، 17ی ئایاری 2024، ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی کورد و هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی مێردین لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی دۆسیەی کۆبانی بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، ئەوان پێشبینیان دەکرد کە بڕیارێکی لەم شێوەیە بدرێت و گوتی، بڕیارەکانی دادگەکە هیچ قازانجێکیان نە بۆ گەلی کورد هەیە و نە بۆ گەلی تورک نییە. 
 
ئەحمەد تورک گوتی: "ستەمێکی گەورە لە گەلی کورد دەکرێت و دەیانەوێت دەسکەوتەکانی میللەتی کورد لەنێو ببەن و سیاسەتڤانە کوردەکان بێدەنگ بکەن و خواستەکانی گەلی کورد لەنێو ببەن."
 
گوتیشی، ساڵانێکی دوور و درێژە لە نێو سیاسەتدان و ئامانجیان برایەتیی گەلانە: "دەمانەوێت گەلی کورد بگاتە ئازادی و یەکسانی، بەڵام بە راستی ئەمڕۆ سیاسەتێکی خراپ لە سەر گەلی کورد جێبەجێ دەکرێت."
 
ئەحمەد تورک بەشێکی هۆنراوەکەی شاعیری گەورەی کورد، جگەرخوێن بەبیر دەهێنێتەوە کە دەڵێت، 'ئێمە دەڵێین برایەتی، ئەوان دەڵێن نا نا' و دەڵێت، "بە راستیش ئێمە لە سەردەمێکی وادا دەژین و دەمانزانی کە دەیانەوێ گەلی کورد و سیاسەتڤانە کوردەکان بێدەنگ بکەن، بەردەوام بن لە ستەمکردن لە گەلی کورد. هەستمان بەوە دەکرد کە دەیانەوێ سزای قورس بسەپێنن."
 
جەختی لەوەشکردەوە، ئەو سیاسەتەی ئێستا لە بەرامبەر گەلی کورد گیراوەتەبەر، بۆ هەموو ئەو گەلانەی لە تورکیا دەژین ئاسەوار و کاریگەری خراپی دەبێت: "رۆژ لە دوای رۆژ لە دیموکراسی دوور دەکەونەوە، رۆژ لە دوای رۆژ لە مافەکانی مرۆڤ دوور دەکەونەوە، رۆژ لە دوای رۆژ بە راستی هەم زیانێکی گەورە دەگەیێننە گەلی کورد و هەمیش دەگەیێننە گەلی تورک."
 
هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری مێردین هەروەها ئاماژە بە "پەیرەوکردنی سیاسەتێکی خراپ لە تورکیا لە بەرامبەر هەبوونی گەلی کورد، ناسنامەکەی و زمانی کوردی" دەکات و دەڵێت، "ئێمە لە دژی ئەوە لە خەبات و تێکۆشانداین. ئێمە ئەو خەباتە دەکەین لە پێناو یەکسانی، دادپەروەری، لە پێناو ناسنامەی گەلی کورد و زمانەکەی بۆ ئەوەی وەک زمانی پەروەردە پەسند بکرێت. ئەوە ئامانجمانە."
 
لەسەر هاوکاتبوونی بڕیاری دادگەی دۆسیەی کۆبانی و سزا قورسەکانی بۆ سیاسەتڤانە کوردەکان و بریاری لێخۆشبوونی ئەو جەنەراڵانەی سوپای تورکیا کە بە تۆمەتی ئەنجامدانی کودەتای سەربازی سزادرابوون، ئەحمەد تورک بە رووداوی رایگەیاند: "بە رای من ئەوە بە رێکەوت نەبووە."
 
بەڵکو دەڵێت: "لە راستیدا پەیامێکیان گەیاند، (ویستیان بڵێن) لە لایەک کوردەکان سزا دەدەین، لە لایەکی دیکە ئەو کەسانەی کە لە 28ی شوباتدا بە تۆمەتی کودەتا گیران، ئازاد دەکەین، سەیر بکەن یەکێتیی گەلی تورک دەپارێزین و نەیارەکانی گەلی تورک تۆمەتبار دەکەین و سزایان دەدەین. ئێمە دەزانین پەیامێکی لەم جۆرە هەیە، بەڵام ئەوان هەرچییەک بکەن ئێمە دژی ناوەستینەوە، تەمەنیان 82 ساڵ و 85 ساڵە، ئازاد دەکرێن یان ناکرێن، ئێمە ناڵێێن بۆ چی ئازاد کران."
 
روونیشیکردەوە، ئەوان رەخنە لەو سیاسەتە دەگرن کە لە بەرامبەر گەلی کورد پەیڕەو دەکرێت: "ئەمە لەبەر ئەوە نییە کە ئێمە تۆمەتبار دەکەن یان سزا بەسەرماندا دەسەپێنن، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە کە دان بە ئیرادەی گەلی کورد نانێن، دەیانەێ ئیرادەی گەلی کورد لە نێو ببەن، ئێمە لە دژی ئەوەین، ئەمەیە ئامانجمان. دان بە ئیرادەی گەلی کورد بنرێت."
 
ئەحمەد تورک باسی لەوەش کرد کە ئەمڕۆ حەوت ملیۆن کەس دەنگ بە سیاسەتی گەلی کورد دەدەن؛ "لە شارەکان، لە شارەوانییەکاندا ئیرادەی گەلی کورد بە دەنگێکی زۆر بەرجەستە دەبێت، بەڵام ئەمڕۆ سیاسەتێکی وا پەیرە دەکرێت کە بڵێن، سەیر بکەن ئەمانە تۆمەتبارن، بۆیەش لە شوێنیان قەیووم دادەنێین و سیاسەتی گەلی کورد قەدەخە دەکەین." 
 
سیاسەتڤانە کوردەکە داوایەکیش ئاراستەی گەلی کورد دەکات: "یەکێتیی کوردان زۆر پێویست و گرینگە، دەبێ ئەوە بزانین ئەگەر کورد لە بواری سیاسەتدا بۆ داهاتووی گەلی کورد و مافەکانی یەکێتییەک دروست نەکات، لە هەر چوار پارچەی کوردستان پشێوی و ئاستەنگی دروست دەبێت، با هەموو سیاسەتڤانە کوردەکان ئەمە بە باشی بزانن. رێبەرانی گەلی کورد و ئەوانەی ئەمڕۆ پێشەنگایەتی گەلی کورد دەکەن، پێویستە جاریکی دیکە ئەو سیاسەتەی لە بەرامبەر کورد پەیرەو دەکرێت، لەبەرچاو بگرن."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا. وێنە: AA

هاکان فیدان: هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا لە لاوازیمانەوە نییە

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا لە لاوازی یان ناچاری نییە، بەڵکو دۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت ئەو هەنگاوە بنێن. ئاماژە بەوەش دەکات، رووسیا و ئێرانیش رۆڵی ئەرێنی دەگێڕن