رووداو دیجیتاڵ
مەحسون قرمزیگول، گۆرانیبێژ و سینەماکاری کورد هیوای چاکبوونەوەی بۆ سرری سورەییان ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی خواست و گوتی، سرری رۆڵی لە پرۆسەی ئاشتیدا هەیە.
دوای ئەوەی دۆخی تەندروستیی سرری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی تێکچوو و گەیێندرایە نەخۆشخانە، بەشێک لە سیاسەتڤانان و هونەرمەندان سەردانی نەخۆشخانەیان کرد و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ خواست.
مەحسون قرمزیگول، هونەرمەند و سینەماکاری تورکیا و باکووری کوردستان رۆژی پێنجشەممە 17-4-2025 لە ئیستەنبووڵ و لە بەردەم نەخۆشخانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاکە سرری کاکەی هەموومانە و هیوامان ئەوەیە چی زووە چاکبێتەوە. دوایین جار بەبۆنەی کۆچی دوایی دایکم پەیوەندیی پێوەکردم".
مەحسون قرمزیگول کە کوردی زازای ئامەدە و پێشتریش زۆر جار پەیام و بەرهەمی ئاشتیخوازانەی بڵاوکردووەتەوە، لەبارەی ئەم پرۆسەیەی ئێستا هەیە کە سرری سورەییا ئۆندەر سەرپەرشتیی دەکات، گوتی: "کاک سرری هەمیشە لەگەڵ ئاشتیدا بووە، لەگەڵ برایەتی بووە. ئەو لەم بابەتەدا زیاتر هەستیارە. هەوڵی زیاتر دەدات و زۆر بەربەستی تێپەڕاندووە. زۆر جار کەوت، بەڵام زانی چۆن هەڵبستێتەوە. لەم پرۆسەیەی ئێستاشدا کاک سرری رۆڵی زۆری هەبووە".
قرمزیگول هەروەها هیوای خواست رۆژێک ئاشتی بەرقەرار بێت و سرری سورەییا ئۆندەریش بە تەندروستییەوە بیبینێت. گوتیشی: "ساڵانێکە دەمانەوێت مرۆڤەکان لەم وڵاتەدا وەکو برا بژین. بەڕاستی هیچ وڵاتێکی جیهان نییە هێندەی ئێرە کوژران و خەمی لێ بێت. دەبێت ئەمەش کۆتایی بێت. هیوادارم هەمووان راستگۆ و دڵسۆز بن".
سرری سورەییا ئۆندەر کە ئەندامێکی شاندی ئیمراڵییە، شەوی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو و دواتر دەرکەوت تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیەی سرری سورەیای تێدایە گوتویانە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و پاشانیش جەڵتە لێی داوە.
ئێستا سرری سورەییا ئۆندەر لە نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتنگەیڵە لە ئیستەنبووڵ، پزیشکان دەڵێن، دوای نەشتەرگەرییەکەش تەندروستیی جێگیر نییە و لەژێر چاودێریی چڕدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ