تورکیا زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەر دیپۆرت دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، 2101 کۆچبەر لە نۆ رۆژی پشووی جەژنی رەمەزاندا لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستگیر کراون و "دیپۆرتی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە."
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، 17ـی نیسانی 2024 لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەو کۆچبەرانە لە چوارچێوەی پلانی ئەمنی و سەلامەتیی هاووڵاتییان لە پارێزگاکانی ئامەد، ئەرزەڕۆم، مەلەتی، مێردین و رووها-ی باکووری کوردستان و پارێزگاکانی قەیسەری، موغڵا، ئادانا، ئایدن، بوڕسا، مانیسا، هاتای، ئەنقەرە، ساکاریا، کۆنیا، ئیستەنبووڵ و ترابزۆن-ی تورکیا دەستگیرکراون. 
 
کۆچبەرەکان لەلایەن تیمە گەڕۆکەکانی هۆبەی کۆچ و کۆچبەران سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا دەستگیرکراون.
 
پرسی کۆچ و کۆچبەران هەمیشە مشتومڕی گەرمی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە لەو وڵاتەدا. دەسەڵات پێداگری لە مانەوەی بەشێکی زۆریان دەکات، بەتایبەتی سووریاییەکان، ئۆپۆزیسیۆنیش پێچەوانەکەی و تەنانەت لە کارنامەی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا، باس لەوە کراوە چیدی مۆڵەتی کار بە کۆچبەران بەگشتیی و سووریاییەکان بەتایبەتی نادەن و کرێی خزمەتگوزارییەکانیان 10 بەرامبەر لێدەسەنن و قەدەخەی هەڵواسینی تابلۆی زمانی عەرەبیشیان خستووەتە بەرنامەی کارکردنیان.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوە نەکردووە، کۆچبەران خەڵکی چ وڵاتێکن، بەڵام سەرجەمیان رادەستی ناوەندەکانی دیپۆرتکردنەوە دەکرێن و "لە ماوەی کەمتر لە 10 رۆژدا دیپۆرتی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە". 
 
بەگوێرەی ئاماری سه‌رۆكایه‌تى فه‌رمانگه‌ى كۆچ، پارساڵ 254 هەزار و هەشت کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون و 186 هەزار و 19یان دیپۆرتکراونەتەوە. هەروەها 206 هەزار و 421 کۆچبەریش رێگرییان لێکراوە دزە بکەنە نێو سنوورەکانی تورکیا.