باخچەلی ئۆپەراسیۆنەکەی ئێران بە شانۆگەریی نێوان دوو دەوڵەت وەسفدەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ئۆپەراسیۆنەکەی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل بە شانۆگەریی دوو دەوڵەت بۆ پەردەپۆشکردنی دۆخی غەززە وەسفکرد.
دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە گوتارێکیدا باسی لەو ئۆپەراسیۆنە کرد کە ئێران 13ی نیسان کردییە سەر ئیسرائیل.
باخچەلی ئەو ئۆپەراسیۆنەی بە شانۆگەریی نێوان دوو دەوڵەت بۆ پەردەپۆشکردنی دۆخی غەززە وەسفکرد و گوتی، "راگەیێندراوی ئێران لەبارەی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی، هەروەها ناچالاککردنی تەواوی ئەو مووشەک و درۆنانەی لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەکارهێنران، بێ ئەوەی لووتی یەک کەسیش خوێنی لێبێت، بابەتێکە گفتوگۆ هەڵدەگرێت".
سەرۆکی مەهەپە هەروەها بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە دڕندە ناوبرد و بە پێویستی زانی دەستلەکار بکێشێتەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
باخچەلی هەروەها بە پێویستی زانی لایەنەکان پشتگیری لە ئاشتەوایی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بکەن و جەختیکردەوە کە ئەگەر دەوڵەتێکی فەڵەستین دانەمەزرێت، ئەو کێشەیە کۆتایی نایەت.
لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نزیکەی 300 درۆن و مووشەک ئاراستەی ئەو وڵاتە کران، درۆنی جۆری شاهید 136 و مووشەکی خەیبەر 4 و عیماد بەکارهاتوون، کە ئێران بە سێ لە باشترین و دیارترین درۆن و مووشەکە بالیستییەکانی ناودەبات.
هەندێک لە درۆنەکانی ئێران کە بەسەر خاکی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران، لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە خرانە خوارەوە، هەروەها لە چەند ناوچەیەکی دیکەش لەلایەن ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپا و ئەمریکاوە ئەو کارەیان کردووە. نزیکەی تەواوی ئەو درۆن و مووشەکانەی ئێران پووچەڵکرانەوە کە ئاراستەی ئیسرائیل کرابوون. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کچێکی 10 ساڵی ئیسرائیلی بریندار بوو و هەروەها زیانێکی کەم بەر بنکەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتە کەوت.