بەشێک لە خەڵکی تورکیا بۆ کڕینی گۆشتی هەرزان نۆرە دەگرن

17-03-2024
هەوار ئیسماعیل
چەند هاووڵاتییەک لە تورکیا گۆشتی هەرزان دەکڕن
چەند هاووڵاتییەک لە تورکیا گۆشتی هەرزان دەکڕن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قەیرانی ئابووری لە تورکیا تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و رۆژ دوای رۆژ نرخی کاڵا و خۆراک بەرز دەبێتەوە.
 
نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور بەگوێرەی جۆرەکانی لەنێوان 380 بۆ 575 لیرە دەگۆڕێت، کە دەکاتە 11 دۆلار و 84 سەنت بۆ 17 دۆلار و 92 سەنت.
 
لە ئەنقەرە خەڵکێكی زۆر بۆ کڕینی گۆشت بە نرخێكی هەرزانتر لە بازاڕ لەبەردەم دامەزراوەی گۆشت و شیر نۆرە دەگرن.
 
دانیشتوویەکی ئەنقەرە دەڵێت، "ئابووری خراپە، بەرەو خراپتریش دەڕوات. ئەگەر کەسانێک کە لە ئابووری تێناگەن، بکەین بە بەڕێوەبەری ئابووری، هەروەها ئەگەر کەسانێک کە لە کشتوکاڵ تێناگەن، بکەین بە بەڕێوەبەری ئابووری، ئەوا بەم دۆخە دەگەین. چیدیکە پشتگیری لە جووتیار و بەرهەمی خۆمان ناکەین و لە دەرەوە هاوردە دەکەین."
 
لە ئیستەنبووڵ و بەشێکی زۆری پارێزگاکانی دیکەی تورکیا و باکووری کوردستانیش دۆخەکە هاوشێوەیە.
 
دانیشتوویەکی ئیستەنبووڵ باس لەوە دەکات، "کاتی خۆی نۆرەی نان و شەکر و گاز هەبوو، بەڵام ئەو کات پارەمان هەبوو. ئێستا لەبەر ئەوەی پارەمان نییە، چاوەڕێی گۆشتی هەرزان دەکەین. تەمەنم 58 ساڵە، بەڵام تائێستاش کار دەکەم. گوزەران ئاستەم بووە."
 
بەگوێرەی ئاماری فەرمی، لە شووباتی ئەم ساڵدا هێڵی هەژاریی خێزانێكی چوار کەسی لە باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 53 هەزار لیرە، کە دەکاتە نزیکەی 1700 دۆلار. سنووری برسێتیی هەمان خێزان 16 هەزار لیرەی تێپەڕاندووە، کە دەکاتە 521 دۆلار.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، کەمترین مووچەی خانەنشینان 10 هەزار لیرەیە، کە دەکاتە 320 دۆلار و کەمترین مووچەی فەرمانبەرێک 17 هەزار لیرەیە، کە دەکاتە نزیکەی 545 دۆلار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە