پەرلەمانتارێکی HDP: هێرشەکەی ئەنقەرە لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت تیرۆریستییە

17-03-2016
رووداو @Rudawkurdish
 دەنگیر میر مهەمەت مراد: کەسێک بتوانێت گۆڕانکاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، بارزانییە
دەنگیر میر مهەمەت مراد: کەسێک بتوانێت گۆڕانکاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، بارزانییە
نیشانەکردن دەنگیر میر مهەمەت مراد تەقینەوەکەی ئەنقەرە
A+ A-

رووداو- هەولێر 

پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) پێیوایە، بە ئامانجکردنی خەڵکی سڤیل لەلایەن هەر رێکخستنێکەوە بێت، کارێکی تیرۆریستییە و دەڵێ، چۆن بە ئەمانجکردنی خەڵکی سڤیلیان لە ناوچەکانی جزیرە و سووری ئامەد و ناوچەکانی دیکە قبوڵ نەبووە، بەهەمان شێوەش ئەو جۆرە چالاکییانە لەلایەن ئەوانەوەوە قبووڵکراو نییە.

دەنگیر میر مهەمەت مراد، پەرلەمانتاری هەدەپە، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی بەرپرسیاریێتی تەقینەوەکەی ئەنقەرە، لەلایەن رێکخراوی TAK  رایگەیاند "بە ئامانجکردنی خەڵکی سڤیل لەلایەن هەر رێکخستنێکەوە بێت، کارێکی تیرۆریستییە و بەر لە راگەیاندنی بەرپرسیاریێتی TAK لە تەقینەوەکەوە، بە کردەوەی تیرۆریستیمان دانابوو".

دەنگیر میر مهەمەت مراد هەروەها، دەڵێ "ئەنجامدانی چالاکییەکی لەمجۆرە بەهیچ جۆرێک قبوڵ ناکەین، ئێمە دژی ئەوەین. ئەو  جۆرە چالاکییانە چالاکی تیرۆریستین کە لە بەرامبەر خەڵکی سڤیل ئەنجامدراون، هەموو جۆرە چالاکییەکی لەم شێوەیە، چ لەلایەن رێکخستنەکانی TAK بێت یان هەر رێکخستنێکی دیکە یانیش دەوڵەت بێت، لەبەرامبەر خەڵکی سڤیل بە کردەوەی تیرۆریستی دەزانین".

پەرلەمانتارەکەی هەدەپە، ئاماژە بەوە دەدات "بەر لەوە هیچ لایەکیش بەرپرسیاریێتی خۆی لەو هێرشە رابگەیێنێت، ئێمە وەک کردەوەیەکی تیرۆریستیمان ناساندبوو، هاوکات ئیدانەشمان کردبوو، بۆیە ئەمە دووپاتدەکەینەوە هەر لایەنێک هێرشی لەم جۆرە ئەنجام بدات تیرۆریستە".

دەنگیر میر مهەمەت مراد دووپاتی دەکاتەوە، نابێت بەهیچ شێوەیەک خەڵکی سڤیل بکرێنە ئامانج دەڵێ"ئێمە چۆن بە ئەمانجکردنی خەڵکی سڤیلمان لەناوچەکانی جزیرە، سووری ئامەد و ناوچەکانی دیکە قبوڵ نەبووە، بەهەمان شێوەش ئەو جۆرە چالاکییانە لەلایەن ئێمەوە قبوڵکراو نییە".

سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبۆچوونی دەنگیر میر مهەمەت مراد، پەرلەمانتاری هەدەپە "کەسێک بتوانێت گۆڕانکاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، بەڕێز بارزانییە، هەم لەلای عەرەب هەم لەلایەن ئێران و تورکیا قبووڵکراوە، تورکیا بە مرۆڤێکی زۆر چاکی دەنرخێنێت، بە بڕوای من بارزانی هەموو ئەزموونی خۆی لە فێرگەی باوک و باپیرانییەوە وەرگرتووە، رەنگە کەسێک نەتوانێت ئەو ئەزموونە لە فێرگەیەک بەدەست بێنێت".

شەوی یەکشەممە 13-3-2016 تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە ئەنقەرە ئەنجامدرا، بەهۆیەوە زیاتر لە 150 کەس کوژران و برینداربوون، ئەمڕۆش 17-3-2016  رێكخراوی هەڵۆکانی ئازادی کوردستان (TAK)بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی تەقینەوەكەی لەئەستۆگرت، لە راگەیێندراوێكدا وێنە و ناوی خۆكوژەكەی بڵاوكردەوە و رایگەیاند " لەبەرامبەر دڕندایه‌تی و سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی سوپای توركیا دژ به‌ گه‌لی كورد، كرده‌وه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنەوەمان ئه‌نجامدا".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە