گولەن: ئەوەی ئێستا دەیبینین، 10 هێندەی کودەتای سەربازی ترسناکترە

رووداو-zaman

دوای ماوەیەكی زۆر، فەتحوڵڵا گولەن، رێبەری جەماعەتی گولەن بێدەنگیی شكاند و دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەی زەمان-ی توركی، کە بە نزیك لە بزووتنەوەكەی دەناسرێ، ئەنجامدا و رایگەیاند، ئەوەی ئێستا دەیبینین، 10 هێندەی کودەتای سەربازی ترسناکترە.

رۆژنامەكانی توركیا نووسیویانە: "ئەو چاكەتەی فەتحوڵڵا گولەن لە سەروبەندی جێهێشتنی توركیا لە سالی 1999 لەبەریكردبوو، لەم دیدارەشدا و دوای تێپەڕینی 15 ساڵ هێشتا لەبەریەتی و خۆیشی ئاماژەی بەوەكردووە، كە تەنیا یەك چاكەتم هەیە.

گولەن لەو قسانەی لەماوەی 17 كانوونی دووەمی 2013 تاوەكو ئێستا لەسەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا، كە  هاوپەیمانی پێشووی بوو، لە رۆژنامەكانی توركیا لەبارەیەوە دەكرێن، نارەحەتە، "هەڵبەتە زۆر نارەحەتبووم، بێزاربووم،  لەسەر بنەمای كامە بەڵگە هێندە بە دڵنیاییەوە لەخۆیان ئەم قسانە دەكەن، لە راستیدا خۆشم نازانم، ناڵێم درۆ دەكەن، بەڵام دەڵێم لەسەر بابەتە ناكۆكەكان چەواشە دەكەن".

گولەن، بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێ، رەخنە ئاراستەی ئەردۆغان دەكات و باسی لایەنگرانی جەماعەتەكەی دەكات  لەنێو حكومەتی توركیادا و دەڵێ: "هاوڕێیانی ئێمە زۆرینەی وەفای خۆیان خستەڕوو، لەگەڵ بوونی ئەو هەموو ساختەكارییەش، بەڵام پێكدادان لەنێوان دۆست و هاوڕێیەكانماندا رووینەدا، هەندێك لە دۆستە كۆنەكانمان، كە رۆژی خۆیان بینی، بەناوی حەقپەرستییەوە هەموو شتێكیان بەدەمدا دێ، نازانم مافم هەیە ئەوە بڵێم یان نا، بەڵام بەلانی كەمەوە دەڵێم: ئەم ئاكارانە لە دۆستی رۆژە باشەكان ناوەشێنەوە".

رێبەری جەماعەتی گولەن، كە لە ساڵی 1999وە لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دەژی، لەو دیدارەدا رەخنە لە تورگوت ئۆزال دەگرێت و ئاماژە بەوە دەكات: "لە 12ـی ئاداری 1980 بە تۆمەتی 'دزەكردن بۆ نێو دەوڵەت' 6 مانگ و نیو لە زیندان بووم، ئەو رۆژانە تاكو لەنێوبردنی  ئۆزال وەك مەقسەلە بەسەر سەری مسوڵمانانەوە بوو، لە 12 ئاداری 1980وە بۆ ماوەی 6 ساڵ وەك ئەوەی جەردەبم، لەژێرچاودێری دابووم، گوشاریان كردە سەرم، هاوڕێیانمان دەستگیركران، ئەگەر لە رووێكەوە سەیری بكەین ژیان لە سایەی كودەتا و چاودێریكردن وەك تەرزێكی ژیانی لێهاتووە، ئەوەی ئێستا دەیبینین 10 هێندە لە كودەتای سەربازی ترسناکترە".

بڕیارە ئەم دیدارەی گولەن، لە رۆژنامەی زەمان و لەماوەی پێنج رۆژی داهاتوو، بە پێنج بەش بڵاوببێتەوە.