ئەردۆغان: یەپەگە گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ئاسایش و سەقامگیریی سووریا

17-01-2025
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، یەپەگە گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ئاسایش و سەقامگیریی سووریا. ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئەو هێزە "چەکی بەدەستەوە بێت، ئاسایشمان پارێزراو نابێت."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 17ی کانوونی دووەمی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە هەشتەمین کۆنگرەی لقی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە پارێزگای قەیسەری تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
ئەردۆغان بەشێکی گوتارەکەی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی سووریا و نیگەرانییەکانی تورکیا لە بەرامبەر هێزەکانی سووریای دیموکرات تەرخان کرد و گوتی، "وەکو تورکیا، ئامانجمان لە سووریا لەنێوبردنی سەرجەم رێکخراوەکانی تیرۆرە، ئینجا بە ئاسانی بێت یان بە هێز. بەم شێوەیە ئاسایشمان پارێزراو دەبێت؛ هاوکات یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی سیاسی و بەربەستە نێوخۆییەکانی بەردەم ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی سووریای دراوسێشمان دەپارێزین. تاوەکو رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز چەکی بەدەستەوە بێت، ئاسایشمان پارێزراو نابێت."
 
لەبارەی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، یەپەگە کە سێ لەسەر یەکی خاک و بەشێکی زۆری سامانە سرووشتییەکانی سووریای لەژێر کۆنترۆڵدایە، "گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ئاسایش و سەقامگیریی سووریا."
 
بە گوتەی ئەردۆغان، بە گۆڕانی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان، "ئەو رۆڵەی بە یەپەگە درا لە چوارچێوەی سیناریۆ داڕێژراوە گەورەکانیان، کاریگەرییەکەی کۆتاییهات."
 
یەپەگە کاریگەرترین هێزی نێو هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە و تورکیاش پێیوایە لقی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پەکەکەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا: AA

فیدان: کارکردن بۆ کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ترەمپ بەردەوامە

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت، کارکردن بەردەوامە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و دەڵێت، "کۆبوونەوەکە لە ئەمریکا یان لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، ئەوە لەو بابەتانەن کە کارکردن لەسەریان بەردەوامە".