رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی دوای دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی تورکیا رایگەیاند، دیدارەکانیان ئەرێنی بوونە و لە ماوەیەکی کورتدا جارێکی دیکە سەردانی ئۆجەلان دەکەنەوە.
شاندەکە رۆژی هەینی، 17ـی کانوونی دووەمی 2025، سەبارەت بە سەردانەکانیان بۆ لایەنە سیاسییەکان و سیاسەتڤانە زیندانیکراوەکانی کورد راگەیێندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کۆبوونەوەکانمان لەسەر بنەمای پرەنسیپی دیالۆگ و ئاشتی و لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بیروڕا، لەگەڵ هاوسەرۆکانمان، دەستەکانی پارتەکەمان، پێکهاتەکانی پارتەکەمان، هەروەها لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانەی کە هاوپەیمانمانن و لەگەڵ رێکخراوە مەدەنییەکان کە دەستمان پێکردووە بەردەوامن."
دەم پارتی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسەکانیان کردووە "کە بە گەرمی و دڵنزمی" پێشوازییان لێکردن و بۆچوون و پێشنیازەکانیان لەگەڵدا بەش کرد و نیگەرانی و رەخنەکانیان بە زمانێکی "زۆر بنیاتنەرانە" دەربڕی.
شاندەکە رایانگەیاندووە، لە ماوەیەکی کورتدا جارێکی دیکە سەردانی ئیمراڵی دەکەنەوە و بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ئاشتی بگات و چارەسەرێک بێتە ئاراوە.
هەموو ئەوانەی لە ماوەی رابردوودا روویاندا بە تەوقەیەکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024، لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی دەستیپێکرد.
رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024، باخچەلی هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە". دواتر داوای دیداری نێوان ئۆجەلان و دەم پارتی کرد.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28-12-2024، سەردانی زیندانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ