گوندنشینانی وان و مووش لە کەشوهەوای 40 پلەی ژێر سفردا ئاژەڵداری دەکەن

رووداو - باکووری کوردستان 

لە هەندێک ناوچەی باکووری کوردستان، شەوانە پلەی گەرما بۆ ژێر 40 پلەی سیلیزی دادەبەزێت، بەڵام هاونیشتمانییان ناچارن بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانیان لە مردن و رەقبوونەوە بپارێزن لەو سەرما تاقەتپڕوکێنەشدا کاربکەن. 

گوندنشینانی ناوچەی سەرحەد ناچارن رۆژانە چەندین کاژێر خەریکی شکاندنی شەختە بن بۆ ئەوەی ئاوی خواردنەوە بۆ ئاژەڵەکانیان دابین بکەن. 

بورهان یاغمور، ئاژەڵدارە و دەڵێ "بەهۆی بەستنی ئاوی بۆرییەکان، هەموو رۆژێ نزیکەی دوو کیلۆمەتر رێگە دەبڕین و شەختە دەشکێنین و ئاو بە ئاژەڵەکانمان دەدەین".

بەهۆی ساردیی لەڕادەبەدەری کەشوهەوا، ئەم ئاوە بۆ مانگاکان باش دەبێت و چالاکییان پێدەدات. یاشار بەیاز، ئاژەڵدارێکی دیکەیە و دەڵێ "مانگاکان لە پلەی 46ی ژێر سفردا دەهێنینە نێو ئەم ئاوە، چونکە بەڕاستی کەشوهەواکەی ساردە".

بەشێک لە ئاژەڵداران لەم وەرزەدا هەموو رۆژێک مانگاکانیان دەبەنە نزیک رووبار و درەنگی ئێوارە دەیانگەڕیننەوە.

یاشار هەروەها دەڵێ  "مانگاکانمان راهاتوون، هەموو ساڵێک تاوەکو نیسان رۆژانە لێرە جێیاندەهێڵین، بەو گژ و گیایەی نێو ئاوەکە بەخێویاندەکەین، واتا مانگاکانمان راهاتوون بەمە. رۆژانە کاژێر 09:00 دەیانهێنین و ئێوارە کاژێر 04:00 یاخود 03:30 بۆ 05:00 دەیانگەڕێنینەوە".

ناوچەی چاڵدێران بە یەکێک لە ساردترین ناوچەی کوردستان دادەندرێت کە ژیانی تێدابێت. سەرباری ئەوەی سەختە، بەڵام هاونیشتمانییانی ئێرە لە سەرما و شکاندنی شەختەبەند بۆ دەستکەوتنی ئاو تا رادەیەک راهاتوون.


 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار