هاکان فیدان: کێشەی سەرەکیمان لەگەڵ ئەمریکا لە بابەتی تیرۆردایە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، کێشەی سەرەکیی حکومەتی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا، یارمەتیدانی شەڕڤانانە لە سووریا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک کە لەودیوی سنووری وڵاتەکەیانەوە بکرێتە سەریان.
شەوی هەینی 15ی تشرینی دووەمی 2024 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا کرد و گوتی، وێڕای هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەنێوان سەرۆککۆماری وڵاتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کێشە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە و گوتی، "کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا پرسی تیرۆرە."
هاکان فیدان گوتی، پشتیوانیکردنی هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە لایەن ئەمریکا و رێگەدان بە کردنەوەی بارەگای فەتحوڵڵا گولەن لە ئەمریکا، کێشەی سەرەکیی تورکیا بووە لەگەڵ ئیدارەکانی ئەو وڵاتە.
فیدان گوتی، "بە دۆستە ئەمریکییەکان و هەمووان دەڵێین، لە ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانی و رێککەوتن لەودیوی سنوورەکەمان کە هەڕەشە بێت بۆ سەر خاکمان، رووبەڕووبوویان دەبینەوە. هەرکێ لەوێ بێت، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کردش کرد، ئەوان بە هێزی خۆیان رووبەڕووی هەڕەشەکانی ئەودیوی سنوورەکانی وڵاتەکەیان بوونەتەوە و گوتی، "سەرۆککۆمارمان ئەوەی وەک ویستی سیاسی خستەڕوو، سوپا و هەواڵگریش توانای خۆیان نیشاندا. هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە و وڵاتانی دیکەش لە رژدبوونی ئێمە تێگەیشتوون."
هاکان فیدان گوتی، "ئەو یاداشتنامەیەی لەگەڵ عێراق واژۆمان کرد و ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ هاوبەشان و وڵاتانی دیکەی دراوسێ کردوومانن، ئامانج لێیان ئەوە بووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا ببنە بنەمایەکی تەواوکەر. دەبێت وڵاتانی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە ئامانجی تورکیا تێبگەن. ئێمە هیچ کات بەدوای پاوانخوازییدا ناگەڕێین، تەنیا ئەوەیە ئێمە لە ستراتیژیی پارێزگاری لەخۆکردنەوە چووینەتە دۆخی ستراتیژیی رێگری لێکردن."
تورکیا سێ جار لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەوە و بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی چووەتە نێو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
ئابی 2016 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی باب، راعی و عەزازی سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵکرد. تورکیا باسی لەوە کرد ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کردووە.
هەروەها رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی "چڵە زەیتوون" لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ماوەی 58 رۆژ بەرگری لە خاکی عەفرین کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیکی دەستی بەسەر عەفریندا گرت.
سوپای تورکیا هەروەها رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. ئێستا سەربازانی تورکیا لەو شوێنانەدا جێگیرن.
هەروەها چەندین ساڵە تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر پێگەکانی پەکەکە دەکات.