پەرلەمانتارێکی هەدەپ فەردەیەک لە کێشەکانی ئامەد دەباتە سەکۆی پەرلەمانی تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی بازنەی ئامەدی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - هەدەپ، فەردەیەکی بردە سەر سەکۆی پەرلەمان و گوتی ئەمە پڕە لە کێشەکانی ئامەد.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە، 16-11-2023ی پەرلەمانی تورکیادا، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری هەدەپ بە فەردەیەکەوە چووە سەر سەکۆی گوتار پێشکێشکردن و رایگەیاند، مەگەر بە فەردە کێشەکانی ئامەد ببەنە پەرلەمان. ئەگەرنا ناتوانرێت لە ماوەی پێنج خولەکدا باس لە تەواوی کێشەکانی ئەو شارە بکەن.
کاماچ فەردەکەی خستبووە سەر سەکۆی گوتەبێژییەوە کە لەسەری نووسرابوو (کێشەکانی دیاربەکر) و گوتی، "بێگومان چڕکردنەوەی کێشەکانی پارێزگایەکی دوو ملیۆن کەسیی وەکو دیاربەکر کە 17 شارۆچکە و 1046 گوندی بەسەرەوەیە، لە پێنج خولەکدا رێی تێناچێت. لە دیاربەکر دەست لە هەر کەسێک بدەیت، گوێت لە هەزار 'ئاهـ' دەبێت. ئێمەش گوتمان کەوایە دەبێت کێشەکانی دیاربەکر بە فەردە بهێنینە پەرلەمان. بۆیە بەم فەردەیەوە هاتوومەتە سەر سەکۆی پەرلەمان".
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپ راشیگەیاند، گەورەترین کێشەی ئامەد ئەو قەییومانەن کە لەسەر شارەوانییەکانی هەدەپە سەپێندراون. سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ماوەی رابردوو لە دژی ژمارەیەک سەرۆکشارەوانیی قەییوم بە تۆمەتی گەندەڵی کران، محەممەد کاماچ گوتی، "هەموو ئەوانە سیناریۆ و نمایشن و مەبەست لێیان چاوبەستکردنە".
کاماچ هەروەها باسی لەوە کرد کە شارەوانییە قەییومەکان کارناکەن و شارۆچکەی ئەرگانی کە ژمارەی دانیشتووانی 150 هەزار کەسە، تاوەکو ئێستا تەرمیناڵێکی نییە.
هێڵی ئاسمانیی نێوان ئامەد و هەولێر
یەکێک لەو تەوەرانەی محەممەد کاماچ باسی لێوە کرد هێڵی ئاسمانیی نێوان ئامەد و هەولێرە و گوتی، "لەکاتێکدا 60%ی هەناردەی دیاربەکر بۆ هەرێمی کوردستانە، کەچی هێڵی ئاسمانیی نێوان هەولێر و دیاربەکر ناچالاکە".
پێشتر چەندین جار تۆڕی میدیایی رووداو بەرنامە و بەدواداچوونی تایبەت بە پێویستیی چالاککردنەوەی هێڵی ئاسمانیی هەولێر-ئامەد کردووە.
بە گوتەی محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانی لە نێوان هەولێر و ئامەد زۆر گرنگە و دەکرێت لەڕێی کۆمپانیای سان ئێکسپرێس کە چەندین جار ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، ئەم کارە بکرێت.
محەممەد کایا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆمپانیای فڕۆکەوانی سان ئێکسپرێس تەنیا گەشت بۆ دیاربەکر ناکات، بەڵکو لە دیاربەکرەوە بۆ پێنج شاری ئەڵمانیا، هۆڵەندا و قوبرسیش گەشتی هەیە. خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەولێرەوە دێنە دیاربەکر و لێرەوە دەتوانن بڕۆنە ئەو وڵاتانەش".
محەممەد کاماچ ساڵی 1974 لە وانی باکووری کوردستان لەدایکبووە، پەرلەمانتاری هەدەپ لە بازنەی ئامەدە. پێشتر مامۆستا بووە. سەرۆکی پارتی مرۆڤ و ئازادی (PIA)یە و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی 2023 بووە پەرلەمانتار.