'گورگە بۆرەکان' هەڕەشە لە ئەرمەنەکانی ئەڵمانیا دەکەن

16-11-2020
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئەڵمانیا گوشاری سەر ئەرمەنەکان لەلایەن رێکخراوی "گورگە بۆرەکان" کە رێکخراوی لاوانی سەر بە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپەن لە تورکیا، بەردەوامە.
 
هەرچەندە شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ناگۆرۆنۆ قەرەباخ کۆتاییهاتووە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان هەڕەشە و گوشارەکانی سەر ئەرمەنەکان لە ئەڵمانیا بەردەوامن. گورگە بۆرەکان نامەی هەڕەشەئامێز لە بەردەگای ماڵی ئەرمەنەکانی نیشتەجێی ئەڵمانیا دادەنێن. 
 
لەو نامەیەدا کە بە زمانەکانی تورکی و ئەڵمانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوەتەوە نووسراوە: "گورگە بۆرەکان بەدواتانەوەن. منداڵە قێزەوەنەکانی ئەرمینیا، هەمووتان دەدۆزینەوە، منداڵەکانتان بەرلەوەی لە گۆڕەکانی خۆیاندا بنێژرێن، دێنە سەر گۆڕەکانتان. پشتگیری لە برا ئازەرییەکانمان دەکەین و رێگە نادەین سەگە ئەرمەنە کافرەکان لە ئەڵمانیا بە ئاسوودەیی بژین. ئێوە دەناسین و دەزانین منداڵەکانتان بە شەو و رۆژ لە کوێن. گورگە بۆرەکان لە پشتەملتانن". 
 
لە ئەڵمانیا کار بۆ قەدەخەکردنی حەرەکەتی ئولکوجو دەکرێ کە بە 'گورگە بۆرەکان' ناسراون. پارتی چەپی ئەڵمانیا دەڵێ پێویستە ئەم رێکخراوە دابخرێت.
 
 لە چەند رۆژی رابردووشدا جەم ئۆزدەمیر پەرلەمانتاری پارتی سەوزی ئەڵمانیا کە بە رەگەز کوردە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەیەکی ئەڵمانی ئاماژەی بەوەدا، دەستیان کردووە بە دیدار لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی بەشدار لە حکوومەتدا بۆ گەیشتن بە دەستپێشخەرییەکی هاوبەش بۆ قەدەخەکردنی ئەو رێکخراوە لە ئەڵمانیا.   
 
فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی ئولکوجوی تورکی دیموکرات کە گەورەترین دامەزراوەی گورگە بۆرەکانن لە ئەڵمانیا لە 18ی حوزەیرانی 1978  لە شاری فرانکفورتی ئەڵمانیا دامەرزاوە و بە هەزاران ئەندامی هەیە. 
 
سەرەتای ئەم مانگە حکومەتی فەرەنسا بە فەرمی بڕیاریدا بە قەدەخەکردنی "گورگە بۆرەکان" لە وڵاتەکەی. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە لە چەند مانگی رابردوودا ئەم گرووپە هێرش و گوشارەکانیان بۆ سەر ئەرمەنەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە چڕکردبووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی: دەسەڵات لە رێگەی دادگەوە رەوایی بە سیاسەتی خۆسەپێنیی قەییووم دەدات

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلوور دەڵێت، دەسەڵات لە رێگەی دادگەوە رەوایی بە سیاسەتی خۆسەپێنیی قەییووم دەدات