رووداو- هەولێر
گوتەبێژى سەرۆكايەتیى كۆمارى توركيا پرسی پاشگەزبوونەوەی وڵاتەکەی لە بەکارهێنانی S400 رەتدەکاتەوە و دەڵێت، بەکارهێنانەکەشی لە ناو سیستەمى بەرگريى ناتۆدا نابێت.
شەوی رابردوو ئيبراهيم كاڵن، بەشداری لە بەرنامەيەكى راستەوخۆى میدیای فەرمی وڵاتەکەی کرد و باسى لە سەردانەكەى سەرۆکكۆمارى تورکیا بۆ ئەمريكا كرد.
لە وەڵامی ئەو پرسيارەى کە ئايا چۆن كار لەسەر چارەسەركردنى ئەو کێشانە دەکەن کە بەهۆی S-400 و F-35 دروستبوون؟ كاڵن گوتى "لە گفتوگۆكانی كۆشكى سپى، هەردوو سەرۆك، من و رۆبهرت ئۆبرايهن، راوێژكارى ئاسايشى نيشتيمانیى ئەمریکایان راسپارد. ئێمە دەست بەكاردەكەين؛ ئەمڕۆ دەستمانپێكرد".
گوتەبێژى سەرۆكايەتیى كۆمارى توركيا باسى لەوەكرد كارەكان لە ژێر چەترى ناتۆ بەڕێوەناچن، بەڵكو دووقۆڵى و لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەبن و دووپاتيكردەوه، بەكارهێنانى سیستمى بەرگريى S-400 لە ناو سیستمى بەرگريى ناتۆدا نابێت، بەڵكو بە سەربەخۆيى بەكاريدەهێنن.
لە وهڵامى ئەو پرسيارەى کە ئەگەر هاتوو نەگەيشتنە رێككەوتنێك، ئايا ئەگەری بەكارنەهێنانى سیستمی S-400 لەلايەن توركياوە لە ئارادايە؟ ئيبراهيم كاڵن گوتى "نەخێر، شتى وا نييە. ئەردۆغان لەوێ بە ئاشكرا باسی لەوەكرد. رێككەوتنەكان كراون، ئەم پرۆسەيە گەيشتووەتە خاڵێك. پاشگەزبوونهوه نييە لە S-400، بە هيچ شێوەيەك باسى پاشگەزبوونەوە ناكرێت".
گوتەبێژى سەرۆكايەتیى كۆمارى توركيا دووپاتیكردەوە، ئەو رێككەوتنەى كە 17ى تشرينى يەكەم لەگەڵ ئەمریکییەکان واژۆيان كرد، زۆر بە سەركەوتوويى بەڕێوەدەچێت. تورکیا سەرەڕای ناڕەزایەتی ئەمریکا، لە ماوەی رابردوو سیستەمی بەرگریی S400ـی لە رووسیا وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ