بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کارگەیەکی تورکیا کرێکارێک گیانی لەدەستدا و 30ی دیکە بریندار بوون

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ساکاریا لە تورکیا، ئاگر لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی مەعکەرۆنی کەوتەوە، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و 30 کرێکاری دیکەش بریندار بوون.
 
ئێوارەی رۆژی 15ی ئەیلوولی 2024 تەقینەوەیەک لە بەشێکی سایلۆی کارگەی مەعکەرۆنی لە شارۆچکەی هانداک لە پارێزگای ساکاریا روویدا. بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و لە ئەنجامدا کرێکارێک گیانی لەدەستدا و 30 کرێکاری دیکەش بریندار بوون.
 
یاشار کارادەنیز، پارێزگاری ساکاریا رایگەیاند، لە کاتی تەقینەوەکەدا 59 کرێکار کاریان دەکرد؛ دۆخی تەندروستیی چوار لەو 30 بریندارەش سەختە و پێنج برینداریش لە نەخۆشخانە دەرچوون.
 
بەپێی زانیارییەکان، دوای نزیکەی شەش کاژێر، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن؛ تاوەکو ئێستاش هۆکاری تەقینەوەکە ئاشكرا نەکراوە.
 
یەکێک لە بریندارەکان مێرمنداڵێکی تەمەن 12 ساڵان بوو، گومان دەکرا کرێکاری قاچاخ بێت و کارگەکە چاوپۆشیی کردبێت لە کارکردنی. دوای لێکۆڵینەوە لە تۆماری کرێکارەکان دەرکەوت، کوڕی یەکێک لە کرێکارەکان بووە و رۆژی رووداوەکە بۆ کارێکی پێویست لەگەڵ باوکی چووبووە کارگەکە.
 
لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هۆکاری تەقینەوە و ئاگرکەوتنەکە دەستیپێکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە