لە تورکیا نرخی بەکارهێنانی پرد و رێگەوبانەکان 40% زیاد کرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە تورکیا و باکووری کوردستان نرخی پەڕینەوە و بەکارهێنانی پرد و رێگەوبانەکان بە 40٪ زیادکرا، بە جۆرێک تێپەڕینی ئۆتۆمبێل بە هەندێک رێگەدا زیاتر لە 40 دۆلارە.
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رێگەوبانی تورکیا رایگەیاند، لە رۆژی هەینی، 16ـی ئابەوە نرخی نوێی بەکارهێنان و پەڕینەوە لە پرد و رێگەوبانەکان کاری پێدەکرێت.
 
بەگوێرەی نرخە نوێیەکان، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە شاری ئیستەنبووڵ بە پردی 'شەهیدانی 15ـی تەممووز' و پردی 'فاتیح سوڵتان محەممەد' دا تێدەپەڕن، 33 لیرە (98 سەنت) و ماتۆڕسکیلیش 14 لیرە (42 سەنت) دەدەن. پێشتر ئۆتۆمبێلەکان 24 لیرە (71 سەنت) و ماتۆڕسکیلیش 10 لیرە (30 سەنت) ـیان دەدا.
 
نرخی بەکارهێنانی پردی یاوز سوڵتان سەلیم بۆ ئۆتۆمبیل لە 49 لیرە (یەک دۆلار و 45 سەنت) بۆ 70 لیرە ( دوو دۆلار)، نرخی بەکارهێنانی پردی چەناککالە لە 419 لیرە (12 دۆلار و 44 سەنت) بۆ 585 لیرە (17 دۆلارو 36 سەنت)، نرخی بەکارهێنانی پردی عوسمانگازی لە 399 لیرە (11 دۆلار و 84 سەنت) بۆ 555 لیرە (16 دۆلار و 47 سەنت) بەرزکرایەوە. 
 
رێگەی خێرای ئیستەنبووڵ- ئەنقەرە بۆ ئۆتۆمبێل بووە 187 لیرە (5 دۆلار و 55 سەنت) و رێگەی ئیستەنبووڵ- ئیزمیر بە پەڕینەوە لە پردی عوسمانگازیشەوە بۆ 1370 لیرە (40 دۆلار و 66 سەنت) بەرز کرایەوە.