ئەردۆغان دەڵێت، ئەو چەکەی ناتۆ بە ئەستەم بە تورکیای دەدات، پەکەکە هەیەتی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی ناتۆ دوورن لەو هاوئاهەنگییەی مەبەستیانە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو چەکانەی ئەندامانی ناتۆ بە ئەستەم بە تورکیای دەدەن، لای پەکەکە هەیە.
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی حکومەتەکەیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
یەکێک لەو بابەتانەی ئەردۆغان باسی لێوەکرد، هەڵوێستی ئەمریکا بوو لە بابەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). لەو بارەیەوە گوتی، "رۆژانی 9-11ی تەممووز لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە واشنتۆن رێکخرا. ناتۆ جارێکی دیکە ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە رۆڵی تورکیا بۆ ناتۆ شتێکە دەستی لێ هەڵناگیرێت."
 
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، "لەو کۆبوونەوەیەدا پەیامی خۆمان سەبارەت بە پیشەسازیی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە لایەنی بەرامبەر گەیاند. لە هەردوو بابەتدا هێشتا زۆر دوورین لەو هاوئاهەنگییەی خەونی ئێمەیە. ئەو چەکەی بە ئەستەم بە وڵاتەکەمان دەدرێت، سەیر دەکەیت لە پەناگەکانی تیرۆریستانەوە دەردەچێت. ئەوە ناژمێرم کە هەزاران بارهەڵگری پڕ لە چەک بۆ باڵی پەکەکەی سووریا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی داعش نێردراوە. روونە کە ئەوە لەگەڵ گیانی هاوپەیمانیی ئێمە و ناتۆ ناگونجێت. لە کۆبوونەوەکانماندا گوتمان: پێویستە هەرچی زووە ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن."
 
ئەردۆغان هەروەها گوتی، رێگە نادەن هیچ لایەنێک تورکیا لە گۆشەیەک قەتیس بکەن، "تورکیا وڵاتێکە بەهۆی پەیوەندییە جوگرافی، مێژوویی و ئابوورییەکانیەوە ناتوانرێت لە شوێنێکدا قەتیس بکرێت. بۆ ئێمە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لە جیهانی رۆژئاوا چەندە گرنگ بێت، بەرەو پێشبردنی لەگەڵ ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتینیش بە هەمان ئاست گرنگە. رێگە نادەین هیچ کەسێک ئێمە لە قاڵبی تەسکی خۆیدا بەند بکات. ئێمە نە لەپێناوی رۆژهەڵات پشت لە رۆژئاوا دەکەین و نە لەپێناوی رۆژئاواش رۆژهەڵات فەرامۆش دەکەین. بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان، لە دراوسێکانمانەوە دەستپێدەکەین و لەگەڵ هەمووان پەیوەندییەکانمان بەرەوپێش دەبەین."
 
سەرۆککۆماری تورکیا بە پێویستی زانی بە هێمنی مامەڵە بکرێت، "ئەگەر ئەمە نەکەین، ناتوانین رێگری لەوە بکەین جارێکی دیکە سنوورەکانی ئەم ناوچەیە هاوشێوەی سەدەی رابردوو، بە خوێن و فرمێسک بکێشرێت."
 
هەسەدە هێزی سەربازیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە و پێکهێنەرێکی سەرەکیشی بریتییە لە یەپەگەی باڵی چەکداریی پەیەدە.
 
حکومەتی تورکیا پێی وایە پەیەدە باڵی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پەکەکەیە و دژی هاوکاریکردنی هەسەدەیشە لە لایەن ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە