فەتحوڵڵا گولەن: کودەتای سەربازی بەنەفرەت دەکەم

16-07-2016
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن فەتحوڵلا گولەن توركیا
A+ A-

رووداو - هەولێر

فەتحوڵڵا گولەن، رێبەری بزووتنەوەی خزمەت، دەربارەی کودەتاکەی تورکیا و تۆمەتبارکردنی بە ئەنجامدانی کودەتا رایگەیاند:" کودەتای سەربازی بەنەفرەت دەکەم، ناوهێنانی من لەم بابەتە بۆ شکاندنی کەسایەتیمە."

لە روونکردنەوەیەکی نووسراودا گولەن بێئاگایی خۆی لە کودەتاکەی دوێنی شەو دووپاتکردە و دەڵێت:"من هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووم حکومەتەکان لەڕێگەی هەڵبژاردنی سەربەست و دادپەروەرانەوە بگۆڕدرێن، کودەتای دوێنێ شەو زۆر بەتووندی مەحکوم و شەرمەزار دەکەم."

گولەن دەشڵێت:" زۆر بەتووندی هەموو تۆمەتەکان رەتدەکەمەوە کە سەبارەت بە کودەتاکەی دوێنێ شەو خراونەتە پاڵم."

چەند کاژێرێک دوای ئەنجامدانی کودەتا سەربازییەکەی تورکیا، فەتحوڵڵا گولەن، رێبەری بزووتنەوەی خزمەت تۆمەتبارکرا بە هاوکاریکردنی ئەو سەربازانەی کودەتاکەیان ئەنجامداوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پەنسلڤانیا لەپشت ئەو رووداوانەوەیە، کە مەبەستی گویلەن بوو، هەروەها گوتیشی:" ئەوانەی هەوڵی کودەتایان داوە بە سزای خۆیان دەگەن".

هاوكات بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند "فەتحوڵڵا گولەن سەرۆکی رێکخراوێکی تیرۆریستییە. دوای ئەو رووداوەی دوێنێ شەو، هیچ وڵاتێک لەپشت سەری ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەوە ناوەستێت. هەر وڵاتێک بووەستێت، دۆستی ئێمە نییە و لە جەنگدایە لە دژی تورکیا."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە