ئەحمەد تورک: بڕیارەکانی دادگە سیاسین

رووداو دیجیتاڵ 

دوای راگەیاندنی بڕیاری سزادانیان لە پرۆسەی دادگەییکردنی دۆسیەی کۆبانێ؛ ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین رایگەیاند، دادوەرەکان سزایان نەداون، بەڵکو ئەوە سیاسەتڤانەکانن سزایان داوان "دادگەییکردنەکە سیاسییە و پەیوەندیی بە یاساوە نییە." 
 
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی ئایاری 2024، 84ـەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگەییکردنی دۆسیەی کۆبانێ لە دژی 108 سیاسەتڤانی کورد کە ئێستا 18 کەسیان لە زیندانن، بەڕێوەچوو. ئەحمەد تورک، بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزا درا. 
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی سزادانی، ئەحمەد تورک رایگەیاند، "لە سەرەتاوە رامانگەیاند، پرۆسەی دادگەییکردنەکە سیاسییە و پەیوەندیی بە یاساوە نییە. بەهۆی ئەوەی بۆچوونمان لە دژی دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی (داعش) دەربڕی، ئەم دادگەییکردنە ئەنجامدرا. بڕیارەکانی سزادان تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و کۆمەڵگەیە کە هەمیشە بۆ پاراستنی کارمان کردووە." 
 
ئەحمەد تورک ئەوەشی خستەڕوو کە وڵات لە هەموو کاتێک پێویستی بە ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتەوایی هەیە نەک سزادان؛ "بەڵام بەداخەوە، بەشێکی ئەم کۆمەڵگەیە بە تایبەتی چینێکی دیاریکراوی سیاسەتڤانان هەمیشە کار بۆ تێکدانی سەقامگیری دەکەن و جیاکاری ئەنجام دەدەن.. ئەمە کودەتایەکە لە دژی داهاتووی دیموکراسی، پێکەوە ژیان، تەبایی و برایەتیی نێوان گەلانی تورکیا."
 
جەختی لەوەشکردەوە، هیچ کاتێک لە دژی دەوڵەت کاردانەوەیان نەبووە بەڵکو لە دژی داعش راپەڕیوون کە خەریکبوو کۆبانێ داگیر بکات. هەموو هەوڵێکمان تەنیا بۆ ئەوە بوو کە ئاشتی و ئارامی بەرقەرار بێت، بەڵام وەک هەمیشە لایەنێک رووداوەکەی بە ئاقارێکی دیکە برد و ئاراستەکەی گۆڕی. 
 
لە ئەنجامی دادگەییکردنەکەدا، دەستەی دادوەرانی 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە، سزای 10 ساڵ زیندانیکردن بەسەر ئەحمەد تورک سەپاند.