سەڵاحەدین دەمیرتاش بە 42 ساڵ زیندانیکردن سزادرا

16-05-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای 84 دانیشتنی پرۆسەی دادگەییکردن لە دۆسیەی کۆبانێ، دەستەی دادوەران، سەلاحەدین دەمیرتاشی بە 42 ساڵ زیندانیکردن سزادا. 
 
کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (16ـی ئایاری 2024) 84ـەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگەییکردنی 108 تۆمەتبار لە دۆسیەی کۆبانێ کە 18 کەسیان ئێستا لە زینداندان لەلایەن 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لە دانیشتنەکەدا وەک چاوەڕوان دەکرا، دەستەی دادوەران بڕیاری کۆتایی لەبارەی چارەنووسی تۆمەتباران بدەن. 
 
پرۆسەی دادگەییکردنەکە تاوەکو کاژێر 15:00 بەردەوام بوو. دواتر دەستەی دادوەران، لە کۆی 52 هەزار و 825 لاپەڕەی تۆمەتنامەکەدا کە لە ماوەی 84 دانیشتن گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرابوو، بڕیاری سزاکانیان لە دژی تەواوی تۆمەتبارەکان خوێندەوە کە لە 130 لاپەڕە پوخت کرابووەوە. بەمەش قورسترین سزا بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتڤانی کورد و هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەدا سەپێنرا کە بە 42 ساڵ زیندانیکردنە. 
 
سەلاحەدین دەمیرتاش بە 47 دۆسیەی تاوان؛ تۆمەتەکانی (تێکدانی یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەوڵەت)، (هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان)، (رێکخستنی خۆپیشاندانی نایاسایی)، (تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ)، (هاندانی خەڵک بۆ یاخیبوون لە دژی یاسا بەرکارەکان) و (پرۆپاگەندەکردن و پەسنکردنی تیرۆر) خرایە پاڵ. 
 
ئەو تۆمەتانەی دەمیرتاش بەهۆیانەوە 42 ساڵ زیندانیکرا ئەمانەن: 
 
یەکەم: 20 ساڵ زیندانی بە تۆمەتی تێکدانی یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەوڵەت
دووەم: 4 ساڵ و 6 مانگ زیندانی بە تۆمەتی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان (نیسانی 2016)
سێیەم: 3 ساڵ زیندانی بە تۆمەتی هاندان بۆ رێکخستنی خۆپیشاندانی نایاسایی و تێکدانی ئاسایشی نێوخۆیی (شوباتی 2015)
چوارەم: 1 ساڵ و 6 مانگ زیندانی بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ یاخیبوون لە دژی یاسا لە گوتاری ئامەد (نەورۆزی 2016)
پێنجەم: 2 ساڵ و 6 مانگ زیندانی بە تۆمەتی پرۆپاگەندەکردن و پەسنکردنی تیرۆر لە گوتاری ئامەد (شوباتی 2016)
شەشەم: 2 ساڵ و 6 مانگ زیندانی بە تۆمەتی پرۆپاگەندەکردن و پەسنکردنی تیرۆر لە گوتاری ئامەد (نەورۆزی 2016) 
حەوتەم: 2 ساڵ و 4 مانگ زیندانی بە تۆمەتی پرۆپاگەندەکردن و پەسنکردنی تیرۆر لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی ئیستەنبووڵ (ئەیلوولی 2016)
هەشتەم: 1 ساڵ و 6 مانگ زیندانی بە تۆمەتی پرۆپاگەندەکردن و پەسنکردنی تیرۆر لە گوتاری جزیرێ (ئاداری 2016) 
نۆیەم: 2 ساڵ زیندانی بە تۆمەتی پرۆپاگەندەکردن و پەسنکردنی تیرۆر لە گوتاری وان (حوزەیرانی 2015) 
دەیەم: 1 ساڵ و 6 مانگ زیندانی بە تۆمەتی پرۆپاگەندەکردن و پەسنکردنی تیرۆر لە گوتاری ئاگری (ئایاری 2014) 
 
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە رۆژی 4ـی کانوونی یەکەمی 2016 دەستبەسەرکرا و هەشت ساڵە لە زیندانە. ئەم هەشت ساڵە لە کۆی بڕیارەکە کەم دەکرێتەوە. بەمەش دەمیرتاش 34 ساڵی دیکە لە زیندان دەمێنێتەوە.  
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە