31 پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوی تورکیا ناویان محەممەد و 26یشیان ناویان مستەفایە

رووداو دیجیتاڵ
 
31 پەرلەمانتاری نوێی تورکیا ناویان محەممەدە و 26 پەرلەمانتاری دیکەش ناویان مستەفایە. 
 
هەرچەندە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیای پەسند نەکردووە، بەڵام بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، لە کۆی 600 بەربژێری سەرکەوتوو بۆ پەرلەمانی ئەم وڵاتە، 31 کەسیان ناویان محەممەدە و 26 کەسیشیان ناویان مستەفایە. 
 
هەر بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان،  16 بەربژێری سەرکەوتوو ناویان عەلی، 16یان ناویان ئەحمەد، 12یان ناویان حەسەن، 9یان ناویان ئیسماعیل، 9ی دیکەیان ناویان عومەر، 8یان ناویان ئیبراهیم و 8ی دیکەیشیان ناویان مورادە.
 
محەممەد و مستەفا یەکەم و دووەم ناون لە باکووری کوردستان و تورکیادا؛ لەو وڵاتە 85 ملیۆن کەسەدا 1 ملیۆن و 352 هەزار و 731 کەس ناویان محەممەد و 1 ملیۆن و 110 هەزار و 202 کەسیش ناویان مستەفایە. 
 
رۆژی 14ی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار و 28مین خولی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە هەیە، رەجەب تەییب ئەردۆغان %49.3ی دەنگەکان و کەمال کڵچدارئۆغڵو %44.9ی دەنگەکان و سینان ئۆغان %5.21ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
 
 هەرچی هەڵبژاردنی پەرلەمانە دابەشبوونی دەنگەکان بەم جۆرە بوو؛ هاوپەیمانیی جهموور %49.31، هاوپەیمانیی میللـەت 35.21%، هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی %10.49 و هاوپەیمانیی ئاتا %2.45.