پەیامنێرانی بێ سنوور: تورکیا 11 رۆژنامەڤانی کورد بە تۆمەتی پەکەکەبوون دادگایی دەکات

16-05-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور دەڵێت، 11 رۆژنامەڤانی کورد کە لە چەند کەناڵێکی کوردی کار دەکەن، بڕیارە ئەمڕۆ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)،  لە ئەنقەرە دادگایی بکرێن و رێکخراوەکە کە لە پرۆسەی دادگاییکردنەکە ئامادە دەبێت داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات، دادگە بەکارنەهێنن بۆ سنووردارکردنی کاری میدیا و رۆژنامەڤانان.
 
شەوی 15ی ئایاری 2023، لە راگەیێندراوێکدا رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، 11 رۆژنامەڤانی کورد کە لە چەند کەناڵێکی کوردی کار دەکەن، لە شاری ئەنقەرە دەچنە بەردەم دادگە بە تۆمەتی ئەندامبوونی پەکەکە و بەتایبەتیش تۆمەتبار دەکرێن کە کاری بۆ ئەو دەزگە میدیاییانە کردووە، کە سەر بە کەجەکەن. 
 
رێکخراوەکە دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی ئەو رۆژنامەڤانانە بە تۆمەتی ئەندامبوونی پەکەکە دەستبەسەر کراون، بەڵام لە کاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان پرسیاریان لێکراوە لەبارەی ئەندامبوونیان لە سەندیکای "دیجلە و فورات" کە سەندیکایەکی رۆژنامەڤانییە و لەشاری ئامەدە. 
 
لەبارەی دادگەییکردنی ئەو رۆژنامەڤانە کوردانە لە تورکیا، ئیرۆڵ ئۆندەرئۆغلو، نوێنەری رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لە تورکیا رایگەیاند: "دەبێ دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستوەردان لە کاروباری سیستمی دادوەری بە ئامانجی سیاسی بکەن. داوا دەکەین سەرجەم رۆژنامەڤانانی کوردەکان لە تورکیا ئازاد بکرێن، کە بووەتە یەکێک لە گەورەترین زیندانی رۆژنامەڤانان لە جیهاندا". 
 
لە 29ی تشرینی یەکەمی 2022، نۆ لەو 11 رۆژنامەڤانە دەستگیر کران. لە مانگی نیسانی رابردووش حەوت رۆژنامەڤانی دیکەی کورد زیندانی کران. 
 
هەروەها رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ئاماژە بەوە کردووە کە لە 25ی نیسان و تەنیا سێ هەفتە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا، زیاتر لە 120 کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شاری ئامەد و 20 شاری دیکە دەستگیر کران، ئەمەش وەکو بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی پۆلیسی تورکیا لەنێویشیان ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر. لەنێو دەستگیر کراوەکانیش 11 رۆژنامەڤانی تێدا بوو. 
 
رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بە گشتی 32 رۆژنامەڤانی کورد لە حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە لە تورکیا دەستگیر کراون و لە شارەکانی ئامەد و ئەنقەرە لە زینداندان. 
 
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لەبارەی ئازادی رۆژنامەگەری بۆ ساڵی 2023، لە کۆی 180 وڵات، تورکیا لە پلەی 165مین دێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە