کڵچدارئۆغڵو یەکێک لە یاریدەدەرەکانی لەکار لادەدات
رووداو دیجیتاڵ
کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی تورکیا و سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، ئۆنورساڵ ئادیگوزەل، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی جەهەپە بۆ کاروباری هەڵبژاردن لە ئەرکەکەی دوورخستەوە.
بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکە دوای هەموو ئەو گوشارانەی جەماوەر دێت، کە لە دوای هەڵبژاردن دەکرێتە سەر جەهەپە.
ئۆنورساڵ ئادیگوزەل شەوی رابردوو 15-5-2023 لە هەژماری خۆیدا بە تویتێک دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی جەهەپە بۆ کاروباری هەڵبژاردن راگەیاند.
لە تویتەکەی ئادیگوزەل هاتووە: "بەهۆی ئەو قەناعەتە نەرێنییەی لای شەقام دروستبووە، سەرەڕای ئەوەی سیستمی ئێمە لە شەوی هەڵبژاردندا بێ هیچ کێشەیەکی تەکنیکی کاریکرد، بە مەبەستی ئەوەی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا هیچ زیانێک بە سەرۆکی گشتیمان بەڕێز کەمال کڵچدارئۆغڵو نەگەیێنم، دەست لەم ئەرکەم دەکێشمەوە کە لە ساڵی 2018-وە تائێستا بەردەوام بووم لەسەری".
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکەی یەکشەممەی رابردوو، 14-5-2023 رووبەڕووی دۆخێکی چاوەڕواننەکراو بووەوە. پارتەکەی رێژەیەکی بەرزی دەنگی لەدەستداوە و خۆشی %44.8ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانی جمهوور %49.5ی دەنگەکانی بردووەتەوە. ئەم ئەنجامە تووڕەیی و ناڕەزایی بەشێکی زۆر لە بەربژێرانی جەهەپەی بەدوای خۆیدا هێناوە. رەخنەی تووند لە کڵچدارئۆغڵو و بەرپرسانی هاوپەیمانیی میللەت دەگیرێت بەوەی نەیانتوانیوە بەسەر هاوپەیمانیی جمهووردا سەرکەوتن بەدەستبهێنن.