بەشێک لە هاووڵاتییانی تورکیا داوای پچڕاندنی بازرگانیی وڵاتەکە لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە هاووڵاتییان لە ناوچەی ئۆسکوداری ئیستەنبووڵ کۆبوونەوە و دەڵێن، بڕیاری سنووردارکردنی هەناردەکردنی 54 کەرەستە لە وڵاتەکەیانەوە بۆ ئیسرائیل بەس نییە و پێویستە پەیوەندییە بازرگانییەکان بپچڕێن.
موجاهید ساغمان، ئەندامی پلاتفۆڕمی خێوەتی تێکۆشان دەڵێت، "راگەیێندراوی دەسەڵات لەبارەی سنووردارکردنی بازرگانی و چاوەڕوانییەکانی بۆ ئاگربەست، بێ مانایە و راستەقینە نییە. ئێمە وەکو دۆستانی گەلی تێکۆشەر و بەشکۆی فەلەستین، داوای گەمارۆی یەکجاری و بایکۆت دەکەین، نەوەک سنووردارکردن".
بەشێک لە پارتەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو داواکارییەکان کە بەشێک لە هاووڵاتییان هەیانە. لەوانە پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31-3-2024دا 6.19٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ گوتی، "ئاسمان و بەندەرەکانمان چی زووە بەڕووی ئیسرائیل دابخەن. هەروەها بازرگانی و وەبەرهێنانتان لەگەڵ ئیسرائیل بوەستێنن کە دڵۆپەئاوێک بە منداڵە بێتاوانەکانی ئەوێ نادات".
لە بەردەم وەزارەتی بازرگانیی تورکیاش لە ئەنقەرە، بەشێک لە هاووڵاتییان هەمان داواکارییان هەیە. یوسف شانڵی، چالاکڤان باسی لەوە کرد، "لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە گەواهیدەری داگیرکاری و تاڵانکاریی 100 ساڵەی ئیسرائیلین".
جگە لە بابەتی بازرگانی، لە گردبوونەوەکاندا داوا لە حکومەتی تورکیا دەکرێت، بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک دابخات، باڵیۆزی تورکیا لە ئیسرائیل بکشێنێتەوە و کۆمەک بە غەززە بنێرێت.