رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی سێ گەریلای پەکەکەی لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانییدا لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانییەوە راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە لە هەژماری تویتەردا بڵاوکرایەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا سێ گەریلای پەکەکەیان لە چیای گارە لە هەرێمی کوردستان تێبینی کردووە و بۆردوومانیان کردوون.
لە راگەیێندراوەکەدا باس لە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکە نەکراوە، بەڵام دەڵێت، "هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە لەنێو تورکیا و ئەودیو سنووریش [هەرێمی کوردستان] بەردەوامن".
دوێنێ پێنجشەممە فڕۆکەکانی تورکیا دەوروبەری گوندی چەلکییان لە سنووری شارۆچکەی کانی ماسێی سەر بە قەزای ئامێدی بۆردوومانکرد.
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری شارۆچکەی کانی ماسێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆردوومانەکە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی بۆ خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە.
ئەمڕۆش فڕۆکەکانی تورکیا دووجار لەسەر یەک نزیک گوندی میمبەرێی سەر بە شارۆچکەی دینارتەیان لە سنووری ئاکرێ بۆردوومانکرد.
شەعبان بەرواری، بەڕێوەبەری شارۆچکەی دینارتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 14:27 خولەک و 14:45 خولەک فڕۆکەکانی تورکیا دووجار لەسەر یەک گەلیی میمبەرێیان لە نزیک گوندی میمبەرێ بۆردوومانکرد، کە ئەو شوێنە کەمتر لە 2 کیلۆمەتر لە گوندی میمبەرێوە دوورە کە خەڵک تێیدا دەژی".
رۆژی 14ی نیسانی 2021، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل -هەپەگە کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، کوژرانی دوو سەربازی سوپای تورکیای لەلایەن نیشانشکێنەکانی پەکەکە لە حەفتانین سەر بە شاری زاخۆ لە هەرێمی کوردستان راگەیاندبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ