سەرۆکی هوداپار: ئێمە جوداخواز نین و داوای دەوڵەتیش ناکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هوداپار رایگەیاند، پارتەکەی میراتگر و درێژکراوەی هیچ رێکخراوێک نییە، کێشەی لەگەڵ ئاڵای تورکیا نییە و جوداخوازیش نییە.
 
لە پرۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیدا زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی هوداپار وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بەوە دایەوە کە دەگوترێت پارتەکەی سەر بە حیزبوڵڵایە؛ ئەوەی رەتکردەوە و گوتی، "ئێمە جوداخواز نین. هەروەها لە هەوڵی دروستکردنی پەیکەری کەسانێک نین. کێشەیەکمان لەگەڵ ئاڵا نییە. ناشڵێین با جیاببینەوە و دەوڵەتێکی جیا دروستبکەین. ماوەی هەزار ساڵە لە چوارچێوەی ئیسلام پێکەوە دەژین و بەرگری لە برایەتیی کورد و تورک دەکەین."
 
ساڵی 2012 سەلاحەدین دەمیرتاش کە ئەوکات هاوسەرۆکی گشتیی پارتی ئاشتی و دیموکراسی - بەدەپە بوو، لە گوتارێکیدا لە باکووری کوردستان گوتی، "ئێمە پەیکەری سەرۆک ئاپۆ دروستدەکەین."
 
لەبارەی هێز و دەنگی پارتەکەیان سەرۆکی گشتیی هوداپار رایگەیاند، زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ بۆ هاوپەیمانیی جمهوور بەدەستدەهێنن.
 
هوداپار رۆژی 11-03-2023 رایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری ئەمساڵدا پاڵپشتی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا دەکەن. ئەمەش کاردانەوەی بەشێک لە پارتەکانی دیکەی لێکەوتووەتەوە.
 
دۆغو پەرینچەک، سەرۆکی پارتی وەتەن، یەکشەممە 12-03-2023 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان گوتنی بەڵێ بۆ پەکەکە و بەڵێ بۆ هوداپار."
 
پارتی دۆزی ئازاد، ناسراوە بە ھوداپار، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردییە و رۆژی 19-11-2012 دامەزراوە. تائێستا بەشداریی لە چوار هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11500 ئەندامی هەیە. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە حوزەیرانی 2018 بەڕێوەچوو 157 هەزار و 324 دەنگی هێنا، کە 0.31%ی دەنگەکانی تورکیا بوو.