پار لە باکووری کوردستان و تورکیا 2370 کەس بە دەمانچە و چەقۆ کوژراون

16-02-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوێکی ناحکومی رایگەیاند، پار لە تورکیا و باکووری کوردستان، نزیکەی چوار هەزار تاوان تۆمار کراون، کە چەک و چەقۆیان تێدا بەکارهاتووە، بەهۆیانەوە زیاتر لە 6000 کەس کوژراون یان بریندار بوون.
 
وەقفی ئوموت Umut Vakfı کە رێکخراوێکی ناحکومییە و کار بۆ قەدەخەکردنی بەکارهێنانی چەک دەکات، راپۆرتی ساڵی رابردووی بە ناونیشانی "نەخشەی توندوتیژی چەکداری لە ساڵی 2024" بڵاوکردەوە. 
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، پار لە تورکیا و باکووری کوردستاندا بەدیاریکراوی سێ هەزار و 801 رووداوی توندوتیژی روویانداوە. لەو رووداوانەدا دوو هەزار و 370 کەس کوژراون و سێ هەزار و 829ـی دیکەش بریندار بوون. لە سێ هەزار و 194 رووداودا دەمانچە و لە 607 رووداویشدا چەقۆ بەکارهێندراوە. 
 
بەپێی داتاکانی راپۆرتەکە، پار زۆرترین رووداو لە پارێزگای ئیستەنبووڵی تورکیا روویداوە، کە 545 رووداو بووە. 
 
لە دوای ئیستەنبووڵ پارێزگای رووهای باکووری کوردستان لە پلەی دووەم دێت کە زۆرترین تاوانی تێدا کراوە. 
 
لەو ساڵەدا لە کۆی 631 رووداو کە لە پارێزگاکانی باکووری کوردستاندا روویانداوە و 415 کەس بە دەمانچە و چەقۆ کوژراون، 174 رووداویان لە پارێزگای رووها تۆمارکراون. ئامەد لە پلەی دووەمدا دێت بە تۆمارکردنی 113 رووداو، پارێزگاکانی مێردین و دیلۆک هەریەکەیان بە تۆمارکردنی 95 رووداو لەسەر ئاستی باکووری کوردستان سێیەمن. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا 37 هەزار و 998 رووداو لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە، لە ئەنجامدا 23 هەزار و 804 کەس گیانیان لەدەستداوە و 35 هەزار و 36ی دیکەش بریندار بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە