رووداو دیجیتاڵ
رۆژ دوای رۆژ، شاری ئیستەنبووڵ کە بە شادەماری ئابووریی تورکیا دەناسرێت، لە مەترسیی روودانی بوومەلەرزەیەکی "زۆر گەورە" نزیک دەبێتەوە کە پێشبینی دەکرێت لە نێوان 7.5-7.8 پلەی رێختەر بێت. هەرچەندە تاوەکو ئێستا پێشبینیی 100٪ بۆ روودانی بوومەلەرزە ناکرێت، بەڵام زانایان ئەو مەترسییەی سەر شارەکە ناشارنەوە.
٪49.9ی کۆی هەناردەی کاڵای تورکیا لە ئیستەنبووڵەوەیە، نزیکەی 17 ملیۆن کەس تێیدا دەژی کە 18.34٪ی دانیشتووانی تورکیا دەکات. بە تێکڕا رۆژانە 1684 فڕۆکەی سڤیل تێیدا دەفڕێت و دەنیشنەوە و مانگانە 1.6 ملیۆن گەشتیار سەردانی دەکەن.
لە ئیستەنبووڵ چەند قوتابخانە هەن؟
پارێزگای ئیستەنبووڵ رایگەیاند، پرۆسەی پشکنینی سەلامەتیی تەواوی قوتابخانەکانی هەردوو دیوی ئاسیا و ئەوروپای شارەکەیان تەواوکردووە و بۆیان دەرکەوتووە، هەزار و 428 قوتابخانە لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەدا، مەترسیی رووخانیان لەسەرە.
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی شوباتی 2024، یەکەی هاوئاهەنگیی پرۆژەکانی ئیستەنبووڵ راپۆرتی تایبەتی پشکنینی دۆخی سەلامەتیی سەرجەم قوتابخانەکانی ئیستەنبووڵ پێشکێشی پارێزگای شارەکە کرد. لە کۆی 7437 قوتابخانەی ئەم شارە کە 3 ملیۆن و 175 هەزار و 285 قوتابی تێیدا دەخوێنن، لە ئەگەری بوومەلەرزە چاوەڕوانکراوەکەدا 1428 قوتابخانە مەترسیی رووخانی تەواویان لەسەرە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، 481 لەو قوتابخانانە رووخێندران و سەرلەنوێ دروستکرانەوە؛ 799 قوتابخانە نۆژەنکرانەوە و تۆکمەکران؛ 148 قوتابخانەش چۆڵکراون، بەشێکیان بەتەواوی دەڕووخێندرێن و سەرلەنوێ دروست دەکرێنەوە و بەشێکی دیکەشیان بەتۆکمەکراوەیی نۆژەن دەکرێنەوە. لەپاڵ ئەمەشدا بۆ سەرجەم قوتابخانەکان، گۆڕەپانی کۆبوونەوەی زۆنی ئارام دروست دەکرێت. کۆی گشتیی قوتابخانەکانی ئیستەنبووڵ لەسەر رووبەری 42 هەزار و 955 مەتر دووجاوە بۆ 117 هەزار و 813 مەتر دووجا فراوانتر دەکرێن. کەمترین رووبەر کە بۆ قوتابخانەکانی ئەم شارە، گەورە کرابێت بە رێژەی 8٪ و زۆرترینیشیان بەرێژەی 78٪ بووە. جەخت لەوەشکراوەتەوە، تا مانگی حوزەیرانی ئە مساڵ، مەترسیی رووخانی قوتابخانەکانی ئیستەنبووڵ بە تەواوەتی کۆتاییان پێدێت.
هۆشداریی زانایان بۆ نزیکبوونەوەی بوومەلەرزە لە ئیستەنبووڵ
پرۆفیسۆر دکتۆر ناجی گۆرور، بوومەلەرزەناسی بەناوبانگی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، هۆشداری دەدات لە نزیکبوونەوەی روودانی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە ئیستەنبووڵ و دەڵێت: "بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 24 شاریش زیانی گەورەیان بەردەکەوێت".
ناجی گۆرور رایگەیاند، "لەگەڵ هاوپیشەکانم پێکەوە چەندین ساڵ هۆشداری بوومەلەرزەیەکی زۆر بەهێزماندا لە بەشێکی تورکیا و بەداخەوە رۆژی 6ی شوبات بینیمان 11 پارێزگامان وێرانبوو، هەروەها زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و قەبارەی زیانە مادییەکانیش سەرووی 110 ملیار دۆلارە".
دەشڵێت: "رۆژ دوای رۆژ لە بوومەلەرزە زۆر بەهێزەکەی ئیستەنبووڵ نزیک دەبینەوە، کاتمان نەماوە. بوومەلەرزەکەی ئەمجارەی دەریای مەرمەرە بەپێی پێشبینی خۆم لەنێوان 7.2-7.6 پلەی رێختەر و بە قووڵاییەکی کەم دەبێت کە کارەساتی زۆر گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. دەبێ هەمووان لەوە تێبگەن کە دەریای مەرمەرە دەریای بوومەلەرزەیە و جموجۆڵی بوومەلەرزە لە کڕۆکی زەوی ژێردەریادا زۆر کارایە و کپ نییە".
جەخت لەوەش دەکاتەوە، "کاتەکەی روونە، سەرچاوەکەی دیارە و هێزەکەی ئاشکرایە و روودانیشی زۆر نزیکە و بەپێی هەموو بنەما زانستییەکان ئەوپەڕی 47٪ روودانەکەی نزیک بووەتەوە و لە ئەگەری هەر بوومەلەرزەیەکی نزیک لە کڕۆکی دەریای مەرمەرە، هێندەی دیکە کاتەکەی نزیک دەکاتەوە".
سەرجەم زاناکانی جیۆفیزیک و بوومەلەرزەزانەکانی تورکیا و جیهان کۆکن لەسەر ئەوەی لە ساڵانی نێوان 2024-2029دا بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.6-7.7 پلەی رێختەر ئیستەنبووڵ دەهەژێنێت.
تەنانەت، پرۆفیسۆر دکتۆر جەلال شەنگور کە زانایەکی زۆر بەناوبانگی جیۆفیزیک و بوومەلەرزەزانی تورکیایە، رۆژی 10ـی ئەیلوولی 2023 لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی تەلەڤزیۆنیدا ئاشکرایکرد، ئیستەنبووڵی جێهێشتووە و ماڵی چۆڵکردووە، بەهۆی ئەوەی وادەی روودانی بوومەلەرزەکەی ئیستەنبووڵ زۆر نزیک بووەتەوە.
پێشبینییەکان لەبارەی زیانی گیانی و مادی چی دەڵێن؟
رۆژی 12ـی ئەیلوولی 2023، سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاو (ئافاد)، دوایین راپۆرتی خۆی لەبارەی ناوچە مەترسیدارەکانی ئیستەنبووڵ ئاشکراکرد لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزە لەم شارەدا و دەشڵێت، زۆرترین زیانی گیانی و ماددی لە ناوچەکانی باکڕکۆی، باهچەلی ئێڤلەر، کوچوک چەکمەجە، ئەسەنلەر، باشاکشەهیر، ئەسەنیورت، ئاڤجیلار، بەیلیکدوزو، بویوک چەکمەجە، توزڵا، پەندیک، ماڵتەپە، سوڵتانبەیلی، ئوسکودار و فاتیح دەکەوێتەوە.
رۆژی 13ـی ئابی 2023، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ کەمکردنەوەی زیانە گیانی و مادییەکانی بوومەلەرزە چاوەڕوانکراوەکەی ئیستەنبووڵ، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا بە ئەرکدارکردنی 39 پارێزگار بۆ هەر 39 شارۆچکەکەی ئیستەنبووڵ. ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی ژووری قەیرانەکانی ئیستەنبووڵە کە بەهاوئاهەنگی تەواوی دامەزراوەکانی حکومەت و دەزگای ئافاد و مانگی سووری تورکی دەکرێت.
ئەم پارێزگارانە بەدواداچوون دەکەن بۆ کاری نۆژەنکردنەوە و تۆکمەکردنی ئەو باڵەخانانەی بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە مەترسی رووخانیان لەسەرە، لەگەڵ پلانی پاراستنی هاووڵاتییان لە سنووری شارۆچکەکانیان و دابینکردنی خواردن، خواردنەوە، کارەبا و سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانە و لەبەرچاوگرتنی وردترین ئەگەرەکان.
بەگوێرەی پلانی ژووری قەیرانەکانی ئیستەنبووڵ، ژمارەی گۆڕەپانی گردبوونەوەی هاووڵاتییان لە شوێنە پارێزراوەکاندا لە 2864 گۆڕەپان بۆ 5578 گۆڕەپان زیادکرا و هەر کەسێک لەم گۆڕەپانانەدا سێ مەتری حەوانەوەی بۆ دابینکراوە.
لە پلانەکەدا دەزگای ئافاد 322 هەزار و 557 کارمەندی رزگارکردن و فریاکەوتنی هاووڵاتییان بۆ دەرهێنانیان لەژێر داروپەردووەکاندا ئەرکدارکردووە و لە ئامادەباشیدان و بەسەر 545 بنکە دابەشکراون و سەرجەم ئامێرە پێویستەکانیشیان بۆ دابینکراوە.
گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ نەخشەی ناوچە مەترسیدارەکانی ئیستەنبووڵ راگەیاند
رۆژی 10ی شوباتی 2023، دەزگای بوومەلەرزەزانی و توێژینەوە جیۆلۆجییەکانی سەر بە گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، نەخشەی ناوچە مەترسیدارەکانی ئیستەنبووڵ بڵاوکردەوە و تێیدا خراپترین سیناریۆی ئەگەری سەرهەڵدانی بوومەلەرزەی بڵاوکردەوە.
زانایان و ئەکادیمییەکان، کاریگەرییەکانی ئەگەری بوومەلەرزەکانی ئیستەنبووڵیان بەسەر سێ خاڵ پۆلێنکردووە، بەمشێوەیە:
- کەمترین زیان؛ ئاسیا: پەندیک، کادیکۆی، کارتاڵ، ئومرانییە، شیلە، ئوسکودار، داریجا، ئەرەنکۆی، چەنگەل کۆی، سوادییە، ئاڵتونیزادە، پۆڵۆنێزکۆی، دوورگەکان، ئیچەرەنکۆی؛ ئەوروپا: ئەمینۆنو، رومەلیهیسار، بێشیکتاش، سارییەر، نیشانتاشی، ئیستینیە، گولتەپە، کاغتهانە، تەقسیم، ئارناڤوتکۆی، شیشلی و لەڤەنت.
- زیانی مامناوەند؛ ئاسیا: دۆڵی ئوسکودار، کوڕباغاڵیدەرە، دۆڵی تەڕابیا، مۆداساهیلی؛ ئەوروپا: تۆپهانە، دۆڵی چاییرباشی، دۆڵی ئۆرتاکۆی، ئالیبەیکۆی، سیلیڤری، فاتیح، گوموشکایا و تۆپکاپی.
- زیانی زۆر: ئەوروپا؛ زەیتوونبوڕنو، کوچوک چەکمەجە، فلۆریا، ئەسەنکێنت، ئەسەنیورت، ئیسپارتاکولە، ئامبارلی، ئاڤجیڵار و هارامیدەرە.
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، لە ئیستەنبووڵ ملیۆنێک و 528 هەزار و 782 باڵەخانە هەیە، لەنێویاندا 10.4٪ی باڵەخانەکان لە نێوان 1978-1980 دروستکراون، 36.8٪ی باڵەخانەکان لە نێوان 1981-2000 دروستکراون و 45.7٪یشیان لەنێوان 2001-2022 دروستکراون.
هەروەها 2٪ی باڵەخانەکان یەک نهۆمین، 4٪ی باڵەخانەکان دوو نهۆمین، 6٪ی باڵەخانەکان سێ نهۆمین، 10٪ی باڵەخانەکان چوار نهۆمین، 22٪ی باڵەخانەکان پێنج نهۆمین و 55٪ی باڵەخانەکانیش شەش نهۆمی و سەرووترن.
هاوکات، بەهۆی ئەم توێژینەوەیەی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، خانووە کۆنەکانی ناوچەکانی باغجیلار، زەیتوونبوڕنو، کوچوک چەکمەجە، پەندیک و ئومرانییە کە لە ریزبەندی ناوچە هەرە مەترسیدارەکانی بوومەلەرزەدایە و تێکڕای بەهای خانووە کۆنەکان بەڕێژەی نێوان 45-55٪ داشکاون.
بەپێچەوانەی ئەمانەشەوە، زۆربەی دانیشتووانی ئیستەنبووڵ روو لەو ناوچانە دەکەن کە کەمترین مەترسیی بوومەلەرزەیان هەیە و نوێترین شوقەی باڵەخانەکان دەکڕن و بەکرێ دەگرن، ئەمەش وایکردووە نرخی شوقە و یەکە نیشتەجێبووە نوێیەکان بەتایبەت ئەوانەی لەنێوان 2020-2023 دروستکراون بەشێوەیەکی زۆر روو لە هەڵکشان دەکات.
خانووە کۆنەکانی ئیستەنبووڵ بەهاکانیان لەدەست دەدەن
بوومەلەرزەکانی رۆژی 6ی شوباتی 2023، ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە دڵی دانیشتووانی ئیستەنبووڵ و خانووە کۆنەکانی ئەم شارە بەهای فرۆشتنیان زۆر بەخێرایی لەدەست دەدەن.
ماڵپەڕەکانی کۆمپانیا و نووسینگەکانی کڕین و فڕۆشتنی خانووبەرە لە ئیستەنبووڵ بەردەوام رێکلام بۆ هەرزانفرۆشی خانووە کۆنەکان دەکەن. بەراورد بە نرخی پێشوویان، خانووە کۆنەکانی ناوچە جیاوازەکانی ئیستەنبووڵ نزیکەی 40٪ی بەهاکانیان لەدەستداوە.
خانوو و شوقە کۆنەکانی ناوچەکانی فاتیح، باغجیلار و ئومرانییە بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنی دروستکردنیان لەنێوان 25-30 ساڵدایە، بەشێوەیەکی زۆر نرخەکانیان لەدەستداوە. پێشتر تێکڕای خانووە کۆنەکانی ناوچەی ئومرانییە بە دوو ملیۆن و 350 هەزار لیرە (نزیکەی 76 هەزار دۆلار) بۆ فرۆشتن خرابوونەڕوو، ئێستا نرخەکەیان بۆ نزیکەی ملیۆنێک و 600 هەزار لیرە (نزیکەی 52 هەزار دۆلار) دابەزیووە. سەرباری ئەمەش هیچ جۆرە خواستێکی لەسەر نییە.
کاژێر 03:20 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 17ـی ئابی 1999، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر، ئیستەنبووڵی هەژاند کە بە بوومەلەرزەی "گۆلجوک" دەناسرا و زیانی زۆری بە شارەکانی کۆجائێلی، دوزجە، ساکاریا و یاڵۆڤا گەیاند. بەهۆیەوە 17 هەزار و 480 کەس گیانیان لەدەستدا و 43 هەزار و 953 کەس برینداربوون. هەروەها 200 هەزار کەس بێماڵ مانەوە. 66 هەزار و 441 خانووبەرە لەگەڵ 10 هەزار و 901 شوێنکار بەتەواوەتی رووخان و 285 هەزار و 211 خانوو لەگەڵ 42 هەزار و 902 شوێنکار زیانیان بەرکەوت. هەروەها کۆی زیانەکان ئەوسا بە 17 ملیار دۆلار خەمڵێندرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ