گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ
 
10 رۆژ بەسەر بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی باکووری کوردستان و تورکیا تێپەڕی، کە ژمارەیەکی زۆر لە باڵەخانەکانی 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆیەوە رووخان و جگە لە زیانی ماددی، قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە.
 
شاری هاتایی تورکیا یەکێکە لەو شارانەی زۆرترین زیانی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بەرکەوتووە، زیانەکانی بوومەلەرزەکە هێندە زۆر بوون، بە "کارەساتی سەدە"ش ناودەبرێت. بەپێی هەندێک لە پێشبینییەکان، هێشتا سەتان کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماون.
 
هاتای وێران بووە، بە شێوەیەک کە پاشماوەی بوومەلەرزەکە لە پاشماوەی جەنگ دەچێت. دەوروبەری رووباری ئاسی کە دەکەوێتە ناوەندی شاری هاتای - ئەنتاکیا، گۆڕەپانی کۆماری، بۆلیڤاری ئەتاتورک و بۆلیڤاری ئینۆنو، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
 
داڕمانی ئەو باڵەخانانەی کە هەشت نهۆمن، کاریگەریی لەسەر باڵەخانە بچووکەکانیش کردووە، ئەمەش وای کردووە رێژەی قوربانیان روو لە زیادبوون بکات و ئاستەنگ بۆ تیمەکانیش دروست بکات بۆ رزگارکردن و دەرهێنانی تەرمەکان.
 
باڵەخانە هەیە لە هاتایی تورکیا تاوەکو ئێستا بە دەیان تەرمی تێدا ماون و نەتواندراوە دەربهێندرێن. سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ناوەندی شاری هاتای لە هەر دوو باڵەخانەیەک، باڵەخانەیەکیان رووخاوە.