لە هاتای ئاگر بەڕووی وەزیری تەندروستیی تورکیا و ستافەکەیدا کڵپە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-02-2023 لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی تیمەکانی گەڕان و رزگارکردندا و لەکاتی گفتوگۆکردن، سۆپایەک دەتەقێتەوە و ئاگر بەڕووی فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا و ستافەکەیدا کڵپە دەکات.
 
دوای ئەوەی سەردانی چەند شوێنێکی بوومەلەرزەلێدراوی کرد، فەخرەدین کۆجا لەکاتی گفتوگۆکردنی لەگەڵ ستافەکەی و گرووپێک لە کارمەندانی گەڕان و رزگارکردن، ئاگرێک بەڕوویاندا کڵپەی کرد.
 
لەگەڵ کڵپەی ئاگرەکە، ئەوانەی لەدەوری ئاگرەکە وەستابوون، دوورکەوتنەوە. بەگوێرەی زانیاریی ستافی وەزارەتی تەندروستی و تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن، رووداوەکە هیچ زیانێکی نەبووە.
 
ساتی تەقینی سۆپاکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە.  ئادەم مەتان کە رۆژنامەڤانە، لەوکاتەدا لەنزیک رووداوەکە بوو، کاژێر 12:39ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گرتەی ڤیدیۆیی رووداوەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، "کەمێک بەر لە ئێستا وەزیری تەندروستی فەخرەدین کۆجا لەکاتی بەسەرکردنەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ کارمەندانی تەندروستی کە خۆیان گەرمدەکردەوە، ئەمە روویدا."
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، تائێستا فەخرەدین کۆجا هیچ روونکردنەوەیەکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیان و کاژێر 12:43 خولەکی نیوەڕۆی 6ی شووباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر روویاندا، چەقەکەیان لە مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی گرتەوە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تائێستا 35 هەزار و 418 کەس گیانیان لەدەستداوە و 105 هەزار و 505 کەس برینداربوون.