حکومەتی کاتیی سووریا باجی هەناردەی تاوەکو 500٪ لەسەر تورکیا زیادکرد

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

میدیای تورکیا بڵاویکردەوە حکومەتی کاتیی سووریا بڕیاری زیادکردنی باجی سەر ئەو کاڵایانەی لە تورکیاوە هاوردەیان دەکات بە رێژەی 300٪ تاوەکو 500٪ زیاد کرد.
 
جەلال کادۆئۆغڵو، سەرۆکی یەکێتیی هەناردەکارانی بەرهەمە پاقلەمەنییەکان لە باشوور و رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ رایگەیاند: "ئەو کێشەیە تەواوی کەرتەکەی ئێمەی گرتووەتەوە. لەپێناوی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە هەوڵدەدەین ئەوەی پێویستە بیکەین."
 
کادۆئۆغڵو پێیوایە "ئەو بڕیارە وادەکات هاووڵاتییانی سووریا رووبەڕووی هەڵاوسانێکی قووڵ ببنەوە و توانای کڕینیش بە تەواوی داببەزێت".
 
ئایکوت گۆیمەن، سەرۆکی کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی ماکەرۆنیی تورکیا رایگەیاند، لە مانگی 12ـی پارەوە خواست لەسەر خواردەمەنیی سەرەکی لە سووریاوە زیادیکردووە و دەڵێت: "بەتایبەتی خواست و داواکارییەکان لەسەر ماکەرۆنی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بەگوێرەی بەدواداچوونمان لە سووریای نوێدا ساڵانە بە تێکڕا هەرکەسێک 7-8 کیلۆگرام ماکەرۆنی دەخوات. سووریا بازاڕێکی باشە بۆ بەرهەمەکانی ئێمە و تەواوی بەرهەمەکانی دیکە بە گشتی، بەڵام بەرزکردنەوەی باج بە نزیکەی 50٪ ئاستەنگی دروستکردووە".
 
بەگوێرەی میدیای تورکیا، لایەنی پەیوەندیداری ئەنقەرە لە ئاستی باڵاوە دەستیان بە هەوڵەکانیان کردووە تاوەکو حکومەتی کاتیی شام قایل بکەن و لەو بریارە پاشگەزی بکەنەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان تورکیا و سووریا، لە ساڵی 2011ـدا 250 تاوەکو 300 ملیۆن دۆلار بووە. ئەو ژمارەیە ساڵی 2024 گەیشتووەتە 2.5 ملیار دۆلار.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە